Skip to the content
Menu

له‌یادى 8ى مارسدا
د.ڕێواز فایەق: "لەسنووری دەستڕۆییەکانماندا لەپەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی وەدیھاتنی مافە ڕەواکانی ژنان دەبین"

به‌بۆنه‌ی رۆژی 8ى مارس رۆژی جیهانیى ژنان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی ژنان، ٨ی مارس گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم ژنانی کوردستان و جیھان دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە سیمبولییە مایەی دەسپێکێکی پڕ لە گوڕوتین بێت لەھەنگاونانی ژنانی کورد بەرەو ئامانجەکانیان، مایەی خۆشحاڵییە کەیادی ٨ی مارس ھاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕینی ئازادی، ھەر ئەوێ ڕۆژێ بوو کەژنانی کورد شانبەشانی پێشمەرگە و لەنێو جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستاندا،ڕۆڵی بەرچاویان لەھەڵکوتانە سەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس بینی.
بەدرێژایی مێژووی شۆڕشەکانی کوردستانیش ژن هێندەی پیاو لەکۆڕی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و مەدەنیدا بەشداربووە، هەرچەندە مێژوو لەهیچ سەردەمێکدا لەتۆمارکردنی ڕۆڵی ژندا دادپەروەر نەبووە.
لەکۆتاییدا هیواخوازم ژنان و ئازادیخوازان هەموو ڕۆژێک وەک ۸ی مارس ،مکوڕو پێداگربن لە بەدیھێنانی خەونی ژنان لەبوارەکانی یەکسانی لەبەردەم یاسا، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەھێشتنی توندوتیژیی خێزانی، فەراھەمکردنی ھەلی کاری ھاوبەش و دەرفەتی یەکسان لە سەرجەم سێکتەر و بوارە جیاوازەکانی ژیانداو ئێمەش لەسنووری دەستڕۆییەکانماندا لە پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی وەدیهاتنی مافە ڕەواکانیان دەبین.
د. ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان