Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی یاسایی راپۆرت له‌باره‌ی پێشنیاره‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانى ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی دواین راپۆرت له‌باره‌ی پێشنیاره‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كانى له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 11:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/3/2، لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونەوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ کە بەسەرپەرشتی بژار کۆچەر سەرۆکی لێژنەی یاسایی بەرێوەچوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشنیاره‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق كرا.
ئه‌و پێشنیاره‌یاسایه‌ كه‌ له‌دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ كرا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ركراو چه‌ندین پێشنیارو تێبینیش له‌باره‌ی خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها لیژنه‌ی یاسایی راسپێردرا بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پێشنیاره‌یاساكه‌و به‌ڕه‌چاوكردنى سه‌رجه‌م پێشنیارو تێبینیی په‌رله‌مانتاران و له‌راپۆرته‌كه‌یاندا جێگه‌ى بكه‌نه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، لیژنه‌ی یاسایی به‌پێی پێشنیارو تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران كه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر ناوونیشان و ماده‌و بڕگه‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌یاساكه‌ رێككاره‌ یاساییه‌كانی ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌ ته‌واو بكات و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانى بكات ‌بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌یاساییه‌كانی بۆ خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌رى كه‌بڕیاره‌ سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌مه‌ 2020/3/4، دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشنیاره‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌دانیشتنی ژماره‌ 7ی ئاسایی رۆژی 2019/11/13 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و له‌ناوونیشان و 13 ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌.