Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیى شانۆ
هێمن هه‌ورامی: "شانۆ ئه‌و سه‌كۆو بڵندگۆیه‌یه‌ كه‌راستییه‌كان و ئازارو خه‌مه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌و چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو"

به‌بۆنه‌ى رۆژی جیهانیی شانۆوه‌، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایى له‌ سه‌رجه‌م شانۆكاران و شانۆدۆستان ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامییان بۆ ده‌خوازێت، ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:
به‌بۆنه‌ی 27ى ئادار رۆژی جیهانیی شانۆ، گه‌رمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م شانۆكاران و شانۆدۆستانى جیهان به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م، شانۆ قوتابخانەی گەلانەو ئه‌و سه‌كۆ و بڵندگۆیه‌یه‌ كه‌تیایدا راستییه‌كان و ئازارو خه‌مه‌كانى خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌و چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو و رۆلێكی گرنگیشى هه‌یه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ هیوادارم كه‌گرنگیی زیاتر به‌بوارى شانۆ و ژیان و گوزه‌رانی شانۆكاران بدرێت.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان به‌قۆناغێکی چارەنووسسازو سەختدا تێده‌په‌ڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، كه‌ ئه‌ویش ڤایرۆسی کۆرۆنایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆى كردۆته‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خه‌ڵك و وایكردووه‌ كه‌ بۆ پاراستنی خۆمان و رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ماڵه‌كانمان بمێنینه‌وه‌و پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بین و نه‌توانرێ ئه‌و بۆنه‌و یادانه‌ وه‌كو ساڵانی پێشووتر به‌رز رابگیرێن و چالاكیی جۆراوجۆر له‌و بۆنه‌و یاده‌ تایبه‌تییانه‌ ئه‌نجام بدرێن، ئومێده‌وارین كه‌ به‌زووترین و بەکەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین و بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆمان.
له‌كۆتاییدا هیوادارم دواى تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌، شانۆكاران زیاتر په‌ره‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن له‌پێناو خزمه‌تكردنى زیاترى هونه‌رى شانۆ و كلتوور و كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى.
به‌رز و پیرۆزبێت رۆژی جیهانیی شانۆ، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ شانۆكارانی كوردستان.
هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
2020/3/27