Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز

مونی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستانی خۆشەویست دەکەم، هیوای ئارامی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک دەخوازم، بەداخەوە ئەم ساڵ لەزۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوچەکەو هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەدۆخێکی نالەباری تەندروستیدا تێپەر دەبن، بێگومان تاکە رێگەی سەرکەوتن بەسەر ئەم پەتایەدا خۆپارێزی و جێ بەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانە، بۆیە لێرەوە وێرای دەربرینی سوپاس و دەستخۆشیم بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و پۆلیس و ئاسایش و تەواوی کەرتی تەندروستی بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، جارێکی تر داواکارم لەهەموو هاونیشتیمانیانی خۆشەویست کە لە ماڵەوە بمێننەوە و بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزیی و پشتیوان بەخوا و هاوکاری و هەماهەنگی هەموو لایەک لەداهاتوویەکی نزیکدا سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسە بەدەست دەهێنین و بەکەمترین زیان لێی دەرباز دەبین.

دووبارە نەورۆزتان پیرۆزبێت و ھیوای ژیانێکی پر بەختەوەریی و ئومێدی سەلامەتی و تەندروستیەکی باش بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دەخوازم.

منی نبی قهوەچی

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان

20/3/2020