Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان په‌یامێكی پیرۆزبایى ئاراسته‌ی پێکهاتەی کلدان سریان ئاشووری كرد
هێمن هه‌ورامی: "یەکێک لەشانازییە هەرە گەورەکانی خەڵکی کوردستان پێکەوەژیان و رێزگرتنە لەجیاوازییەکان"

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری (جەژنی ئەکیتۆ)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پێکهاتەی کلدان سریان ئاشووری كرد، كه‌ ئەمە دەقه‌کەیەتى:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری، جوانترین پیرۆزبایی لەخوشک و برایانمان لە کلدان سریان ئاشوورییەکانی کوردستان دەکەین و هیوای گەڕانەوەی بەخێری جەژنەکە لەسەر وڵات و تەواوی پێکهاتەکانی دەخوازم. یەکێک لەشانازییە هەرە گەورەکانی خەڵکی کوردستان، پێکەوەژیان و رێزگرتنە لە جیاوازییەکان، کوردستان نموونەی ناوچەیەکی ئارامی دەورە دراوە بەئاگرو یەکتر ڕەتکردنەوە، بۆیە ئەرکی سەرەکیی هەموومانە ئەو پێکەوەژیان و رێزگرتنە لە جیاوازییەکانمان بپارێزین و بەرەو سبەیەکی باشتر هەنگاو بنێین. ئێستا پەتای کۆرۆنا رووی لە جیهان کردووە، خوازیاری ئەوەیەن بەیەکەوە بتوانین رێگە لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییە بگرین و پابەندبین بەڕێنماییە تەندروستییەکان.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خوشک و برایانمان لە گەلی کلدانی سریانی ئاشووری دەکەینەوە، خوازیارین هەمیشە بەوپەڕی هەستکردن بە ئازادی و سەرفرازییەوە هەموو بۆنەو یادەکانیان بەرز رابگرن و کوردستانیش هەر پارێزراو و بەیەکەوەژیانیش هەر پتەوتر بێت، هەر شاد و بەختەوەربن.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
2020/3/31