Skip to the content
Menu

راگه‌یه‌ندراوێك لە لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان-ەوە

سه‌باره‌ت به‌ڤایرۆسی كۆڕۆناو هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تى هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌، لیژنه‌ی رۆشنبیرى و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


راگەیاندراوێك لە لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان-ەوە
چەند هەفتەیەكە ڤایرۆسی "كۆرۆنا" لەچەند ناوچەیەكی جیهاندا سەریهەڵداوەو بەداخەوە لەئێستادا ئەم ڤایرۆسە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوەو هێشتا نەتوانراوە چارەسەرێكی تەواوەتیی بۆ بدۆزرێتەوە، سەرەڕای ئەو پێشبڕكێیانەی لەنێوان كۆمپانیا گەورەكانی بەرهەمهێنانی دەرماندا لەسەر ئاستی جیهان لەئارادان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تەواوەتیی ئەم ڤایرۆسە.
لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەكات، كەپێشمەرگە ئاسا لەخەمی پاراستنی ژیانی هاونیشتمانیانی كوردستانن، داوا لەهاونیشتمانیانیش دەكات بۆئەوەی هەموومان پێكەوە بتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان ببن و خۆمان لەقەرەباڵغی و چوونە دەرەوە لەماڵەكانمان بپارێزین و هاوكاربین بۆ سەرخستنی كۆتاییهاتنی ئەم هەڕەشەیەو سەلامەتیی گیانی خۆمان و خانەوادەو خەڵكانی هەرێمەكەمان پارێزراوتر بکەین.
داواش لەدەزگاكانی راگەیاندن لەكوردستان دەكەین بەڕەچاوكردن و پابەندبوون بەیاسای رۆژنامەگەری لەكوردستان و پرەنسیپەكانی ئەخلاقی رۆژنامەنووسی و پیشەیی بوونەوە، رووماڵی پێشهاتەكانی ئەم رووداوە بكەن و زانیاری و هەواڵەکان لەسەرچاوەی فەرمیی باوەڕپێکراو وەربگرن و نەبنە هۆكاری دروستكردنی ترس و دڵەراوكێ‌، سەرەڕای بڵاوكردنەوەی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ هاووڵاتییان.
داواكارین پاراستنی ژیانی هاونیشتمانیان و پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە لەسەرووی هەموو ئەركەكانی دیكەمانەوە بێت و هەموومان هاوكاربین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە.
لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان
13/ 3/ 2020