Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ده‌سپێكی خولی به‌هاره‌
د.رێواز فایه‌ق:
"هه‌رێم له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دیى پێشگرى له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیى كۆرۆنایه‌"
"په‌رله‌مانى كوردستان جه‌خت له‌تایبه‌تمه‌ندیى قه‌واره‌ى هه‌رێم و مافه‌ده‌ستوورییه‌كانى له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا ده‌كاته‌وه"

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/3/1، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاربوبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ یه‌ك ده‌قیقه‌ بێده‌نگ وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشى نه‌ته‌وه‌یى، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ كردنه‌وه‌ى خولی به‌هاره‌ى ساڵی دووه‌م له‌ خولــی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان-عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى بڕگه‌ى (سێیه‌م) له‌مادده‌ى (18)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ وتارى به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ى كردنه‌وه‌ى خولی به‌هاره‌ى ساڵی دووه‌م له‌خولــی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستان-عێراق، خاڵی چواره‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمى مادده‌كانى (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان-عێراق.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌قیقه‌یه‌ك به‌بێده‌نگی وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق، پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ى له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان راگه‌یاند.
به‌پێى خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ وتارێكی پێشكه‌شكردو له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 1-3-2020 كردنه‌وه‌ى وه‌رزى ته‌شریعیى به‌هاره‌ى ساڵى دووه‌م له‌خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتێكدا ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ هاووڵاتییانى هه‌رێم و قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دیى پێشگرى له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیى كۆرۆنایه‌، كه‌ به‌شێوه‌ى ڕێژه‌یى زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانى گرتووه‌ته‌وه‌و هاوكات له‌به‌رده‌م ئیستیحقاقێكى سیاسیشدایه‌ كه‌ پێكهێنانه‌وه‌ى كابینه‌یه‌كى ترى حكومه‌تى عێراقى ئیتیحادییه".
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "سه‌باره‌ت به‌ته‌حه‌دیى یه‌كه‌م، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ڕوانگه‌ى ئه‌ركى نوێنه‌رایه‌تیمان پشتگیریى خۆمان بۆ هه‌ر ڕێكارو ڕێوشوێنێكى زانستى و ئیداریى پێویست ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ دامه‌زراوه‌و داموده‌زگاكانى هه‌رێم بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن و هاوكات داوا له‌هاووڵاتییان و ته‌واوى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاری و ده‌ستبارى ڕاسپێردراوان به‌ئه‌ركى ڕێگرتن و پێشگیرى له‌بڵاو بوونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ئێستاشه‌وه‌ ده‌ستى ماندووبوونى سه‌رچاوه‌ى مرۆیی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان ده‌گووشین و سوپاسگوزارى هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ین كه‌ ئه‌ركى تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆیه‌، هاوكات حكومه‌تى هه‌رێم ڕاده‌سپێرین به‌چاودێریى توندى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و بازاڕه‌كان، یه‌كه‌میان بۆ به‌رگرتن له‌گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌و دووه‌میان بۆ ڕێگرى له‌ئیستغلالكردنى ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌و پێداویستیى هاووڵاتییان له‌لایه‌ن به‌شێك له‌بازرگانانه‌وه‌".
سه‌باره‌ت به‌ ئیستیحقاقى هه‌رێمى كوردستان له‌كارنامه‌و پێكهاته‌ى كابینه‌ى حكومه‌تى عێراقى ئیتیحادى، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ره‌ڕاى مكوڕبوون له‌ سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌، هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى تر، جه‌خت له‌تایبه‌تمه‌ندیى قه‌واره‌ى هه‌رێم و مافه‌ده‌ستوورییه‌كانى له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا ده‌كاته‌وه‌و پێداگیرى ده‌كه‌ین له‌سه‌ر دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌جۆرێك كه‌ ڕوون و ڕاشكاو له‌نێو كارنامه‌ى كابینه‌دا جێگه‌ى بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت پشكى هه‌رێم له‌پێكهاته‌ى وزاریى حكوومه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانییه‌وه‌ دیارى بكرێت، هاوكات ده‌بێت شاندى دانوستانكارى هه‌رێم ئه‌و كاته‌ خۆى به‌سه‌ركه‌وتوو بزانێت كه‌ كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كانى پشتیوان له‌سه‌رۆكوه‌زیرانى ڕاسپێردراو ئاماده‌بن خاوه‌ندارى له‌و به‌ڵێنانه‌ بكه‌ن كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى به‌هه‌رێمى كوردستانى ده‌دات، چونكه‌ زۆرینه‌ى ماف و شایسته‌ییه‌كانى هه‌رێم له‌بوارى بودجه‌و شایسته‌ى دارایی جووتیاران و پێشمه‌رگه‌و ژێرخانى ئابوورى و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئاسان نییه‌و بگره‌ لانیكه‌میشى نایه‌ته‌دى".
له‌باره‌ی وه‌رزى ته‌شریعیى به‌هاره‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌وتاره‌كه‌یدا گووتی: "هاوكات له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌مان له‌میكانیزمى كارى پێكه‌وه‌یی و ده‌سته‌جه‌معى، ده‌مانه‌وێت به‌ڕێزتان به‌رچاو ڕوون بن سه‌باره‌ت به‌و پێشنیازه‌ یاساو بڕیارانه‌ى كه‌ ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستانتان كردبوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند خشته‌یه‌كمان به‌ زانیارى و ژماره‌ و هه‌نگاوو ئاستى كاركردن له‌سه‌ر هه‌ر پێشنیازێك ئاماده‌ كردووه‌و له‌چه‌ند ڕۆژى ئاینده‌دا ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌كانى ده‌كه‌ین، له‌و ڕوانگه‌یه‌ى هه‌موو ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزانه‌ى كه‌واژۆیان له‌سه‌ر پێشنیازى یاسایه‌ك یان بڕیارێك كردووه‌ مافى خۆیانه‌ له‌چاره‌نووسى پێشنیازه‌كه‌ بپرسنه‌وه‌".
دواتر به‌ر له‌خستنه‌ڕووی خاڵه‌كانی دیكه‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، خاڵێكی په‌یڕه‌وی له‌باره‌ی دواكه‌وتنی وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست پێشكه‌شكراو رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا زیاتر له‌ 115 پرسیاری په‌رله‌مانتاران كه‌ ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی كابینه‌ی وزاریی حكومه‌تی هه‌رێم كراون وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین ئێمه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان سه‌رجه‌م رێككاره‌ یاساییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ئاراسته‌كردنی پرسیاری په‌رله‌مانتارانمان ئه‌نجامداوه‌و ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌بوونی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كان ئه‌وا به‌پێی یاسابه‌ركاره‌كان و په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێككاری یاسایی ده‌ستنیشانكراون بۆ قۆناغه‌كانی دوای وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانتان، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ داوا ده‌كه‌ین چیدیكه‌ له‌رێگه‌ی خاڵی په‌یڕه‌وییه‌وه‌ ئه‌و پرسه‌ باس نه‌كرێت و به‌ڵكو پێویسته‌ خۆتان رێككاره‌ یاساییه‌كانی دیكه‌ بگرنه‌به‌ر ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، چونكه‌ له‌به‌رپرسیاریه‌تیی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌رچووه‌و كه‌وتۆته‌ ده‌ستی په‌رله‌مانتاران خۆیان".
پاشان خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كار خرایه‌ڕوو كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێم و راپۆرتی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان خوێندرانه‌وه‌. دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران كه‌ راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بكرێته‌ بنه‌مای گفتوگۆكان و ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
دواتر ده‌رگای گفتوگۆكردن به‌ڕووی په‌رله‌مانتاران كرایه‌وه‌ كه‌ ناوونیشان و ماده‌و بڕگه‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ركراو چه‌ندین پێشنیازو تێبینیش له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و لیژنه‌ی یاسایی راسپێردران بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌و سه‌رجه‌م پێشنیازو تێبینیی په‌رله‌مانتاران پوخت بكه‌نه‌وه‌و جێبكه‌نه‌وه‌ له‌راپۆرته‌كه‌یاندا.
به‌ر له‌كۆتاییهێنان به‌دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "سه‌عات 11ی پێشنیوه‌رۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2020/3/4، دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌یاساییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق".
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق، له‌دانیشتنی ژماره‌ 7ی ئاسایی رۆژی 2019/11/13 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و له‌ناوونیشان و 13 ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌.