Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت چالاكییه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان راگرت

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی راگرتنى چالاكییه‌كانى لیژنه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌مانگى ئاداردا، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/3/2، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى ئاماده‌كارى بۆ پڕۆژه‌یاساى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان و پڕۆژه‌ هه‌موارى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى كرا.
وابڕیاربوو له‌م مانگه‌دا لیژنه‌كه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌مى كاره‌كانى زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت و نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كان و دادگاكان ئه‌نجام بدات به‌مه‌به‌ستی ئالوگۆڕكردنى راوبۆچوون و وه‌رگرتنى ئه‌زموون له‌پێناو پاراستنی دیموكراسییه‌ت و مافه‌كانی ئافره‌تان له‌ڕووى یاساییه‌وه‌.
هه‌روه‌ها بڕیاروابوو له‌م مانگه‌دا لیژنه‌كه‌ راسپارده‌كانی قۆناغی كۆبوونه‌وه‌كانی فراوانى له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دادوه‌ران و دادگاكان وه‌ك قۆناغی دووه‌م گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستى خۆپارێزى و رێنماییه‌كانى ته‌ندروستیى هه‌رێمى كوردستان تایبه‌ت به‌ڤایرۆسى كۆڕۆنا لیژنه‌كه‌ بڕیاریدا به‌ڕاگرتنى چالاكییه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌مانگى ئاداردا به‌مه‌به‌ستى پاراستنى ته‌ندروستى و گیانى ئه‌وانه‌ى به‌شدارییان له‌ چالاكییه‌كان ده‌كرد.