پەیامی لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
بهبۆنهی یادى 32 ساڵهی كیمیابارانكردنی ههڵهبجه، لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوهو تیایدا داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، کارەساتی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنن و قەرەبووی خەڵکی ئەم شارە بکەنەوە ، ئهمهش دهقى پهیامهكهیه:
"۳۲ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو کە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی بوونە قوربانی، ئەو تاوانە قێزەونە نەک هەر دەرهەق بە گەلی کورد بەڵکوو یەکێکە لە گەورەترین ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی کە دژ بەهەموو مرۆڤایەتی کراوە، سەرجەم مرۆڤایەتیش دەبێت بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە بڕوانێتە ئەم کارەساتە گەورەیە، ئەو تاوانە هاوشێوەی سەرجەم ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە ڕژێمی بەعسی دڕندە دژ بە گەلی کورد ئەنجامی داوە، و بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.
لێرەوە داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کارەساتی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنن و قەرەبووی خەڵکی ئەم شارە بکەنەوە، و دڵنیایی بدەن بە خەڵکی کوردستان کە کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نابێتەوە، لەم پێناوەشدا وەکوو لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی هەوڵی جددی دەدەین.
هەروەها وەک هەمیشە جەخت دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان بەردەوام بن لە خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و ناردنە دەرەوەی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
وەکوو لێژنەش بەگرنگییەوە دەڕوانینە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، هاوکات بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی دوچاری هەرێمی کوردستان و جیهان بۆتەوە و لە سۆنگەی پابەندبوونمان بە ڕێنمایییە تەندروستییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ناتوانین وەکوو ساڵانی ڕابردوو بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو کارەساتەدا بکەین، بەڵام یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە هەمیشە لەدڵ و دەروونماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
هەر بەم بۆنە خەمناکەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دادەنوێین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی
پەرلەمانی کوردستان
16/3/2020