Skip to the content
Menu

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ساڵیادی دامه‌زراندنى بنكه‌ی لالش پیرۆز ده‌كات

به‌بۆنه‌ی یادی 27 ساڵه‌ی دامه‌زراندنییه‌وه‌، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایى ئاراسته‌ی بنكه‌ى لالش ده‌كات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەبۆنەی 27مین ساڵیادی دامەزراندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی بنکەکەو تەواوی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، بنکەی لالش لەماوەی کارکردنیدا خزمەتێکی زۆری بەکلتوورو ڕۆشنبیری و ئاینیی خوشک و برایانی ئێزدی کردووەو هیوادارین له‌ئاینده‌شدا هه‌وڵه‌كانتان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ زیاتر پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان.

هەرێمی کوردستان بەدرێژایی مێژوو شوێنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکان بووەو هەموومان بەیەکەوە لەم ناوچە جوگرافییە بەئاشتی و تەبایی ژیاوین، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان هەوڵی جدیمان بۆ ئەوەیە کە سەرجەم پێکهاتەکان هەست بەبوونی خۆیان لەسەر ئەم خاکە بکەن و هەموو مافێکیان پارێزراو بێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە داهاتوودا هەوڵدەدەین ببین بەخاوەنی دەستووری خۆمان، دەستوورێک کە ڕەنگدانەوەی ئەو پێکەوەژیان و فرەییە جوانە بێت کە هەرێمی کوردستان شانازیی پێوە دەکات و نموونەیەکی جوانە لە ناوچەکەو جیهان، جارێکیتر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی بنکەی لالش-تان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

2020/5/12