جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی جیهانی پەرستاران پیرۆز دەکات
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پەرستارانی کوردستان و جیهان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران کە ١٢ی ئایاری هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم پەرستارانی کوردستان و جیهان دەکەم، ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەو یادە بەرز ڕادەگرین کە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەم ئان و ساتەدا پەرستاران هاوشانی پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستی، پێشمەرگە ئاسا ئەرکی گەورە و مەترسیداریان کەوتە سەرشان و دڵسۆزانە ڕووبەڕووی ئەم پەتا کوشندەیە بوونەوە، هەرگیز خەڵکی هەرێمی کوردستان ئازایەتی و لەخۆبردوویی ئێوەی دڵسۆز لەبیر ناکەن.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان و لە ڕێگەی لێژنەی تایبەتمەند هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی پەرستاران ژیان و گوزەرانیان باشتر بکرێت، کە هاوشان و شایستەیی ماندووبوون و لە خوبوردوویان بێت و ئەو ئەرکە پیرۆزەی لەسەر شانیانە بە بەرز ڕابگیرێت و بایەخی زیاتریان پێبدرێت، دووبارە ئەم یادە لە گشت پەرستاران پیرۆز دەکەم هەمیشە سەرکەوتوو و سەرفرازبن بۆ نیشتیمان.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
12/5/2020