جێگری سەرۆکی پەرلەمان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات
بەبۆنەی ٥٨مین ساڵیادی دامەزراندنیان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد ، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی پەنجاو هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، مامۆستایانی کوردستان جیاواز لە مامۆستایانی هەموو جیهان جگە لە ئەرکی پەروەردەکردنی نەوەکان و پێدانی زانست و زانیاری، لە چەندین وێستگەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان چەکیان کردووەتە شان و نەوەکانیان بە هەستی نیشتمانپەروەری پەروەردەکردووە، ئەوەش سەروەرییەکی دیاری مامۆستایانی کوردستانە، مامۆستایان هەمیشە لە خۆبردووانە و بێگوێدانە بارودۆخی سەخت و خراپی بارودۆخی ئابووری بەردەوام بوون لە پەروەردەکردنی قوتابیان و پێگەیاندنی نەوەکان.
لەم ئانوساتەشدا کە کوردستان رووبەڕووە لەگەڵ دۆخێکی خراپی ئابووری هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیان و گوزەرانی مامۆستایان خراپبووە، هیواخوازین لە ئایندەیەکی نزیک هاوشێوەی سەختییەکانی دیکە ئەم بارودۆخەش تێپەڕێنین و بە سەربەرزییەوە رووەو سبەیەکی باشتر هەنگاو بنێن.
پەرلەمانی کوردستان درێخی ناکات لە دەرکردنی یاسای پێویست و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ مامۆستایانی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو یادەتان لێ پیرۆز دەکەینەوە و ئومێدەوارین بە یەک دەستی و یەکڕیزیی هەموو سەختییەکان تێپەڕێنین.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
14/5/2020