Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی (پاتریاركی ئاشووری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) ی كرد

 نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/5/2020 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی پاتریارك (مار کیورکیس صلیوا) پاتریاكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كرد.

له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی گیانی برایه‌تی ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و، مێژوو و كلتوری هاوبه‌شی نێوان گه‌ل ونه‌ته‌وه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ گیانی خۆشه‌ویستی و ئاشتی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان بپارێزین، و یه‌كێك له‌ شانازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌و ته‌بایی وپێكه‌وه‌ ژیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق وناوچه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ده‌بێت پێكهاته‌كانی كوردستان، له‌ هه‌مووان زیاتر پابه‌ندی پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئۆقره‌یی سیاسی بن له‌ كوردستان و به‌شێكبن له‌ چاره‌سه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌كمان پێكه‌وه‌ بتوانین به‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كاندا زاڵبین و، ویست وداخوازییه‌كانی هاوڵاتیانی خۆمان بهێنینه‌ دی و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان بین".

لای خۆیانه‌وه‌ پاتریارك مار کیورکیس صلیوا، وێڕای خۆشحالیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌ گووتی: زۆر دڵخۆشین به‌وه‌ی كه‌ ژنێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌بینین، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك هه‌میشه‌ لایه‌نگری ڕواندنی گیانی خۆشه‌ویستی و ئاشتین له‌ ناوچه‌كه‌دا، وه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ ئاڕاسته‌ی لێكنزیكردنه‌وه‌ و كاری چاكه‌ بێت، هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا باسی مێژووی هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان گه‌ل و پێكهاته‌كانی كوردستانی كرد، گوتیشی كه‌ ئه‌وان ڕێز له‌و خۆشه‌ویستی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ مێژوویانه‌ ده‌نێن كه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌ جوانی خۆیه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌.