Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق ده‌كات

له‌دیدارێكی نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق باسی هه‌لومه‌رجی ئێستای ناوچه‌كه‌و پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی عێراق و ئه‌و ئاڵنگاری و ئاسته‌نگانه‌ كرا كه‌ڕه‌نگه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌و گرفتی كابینه‌كانی ڕابردووه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی مسته‌فا كازمی ببێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2020/5/9، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ میوانخانه‌ی تایبه‌تیی خۆی پێشوازیی له‌ جینین هینیس بلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.
له‌دیدارێكدا باسی هه‌لومه‌رجی ئێستای ناوچه‌كه‌و پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی عێراق و ئه‌و ئاڵنگاری و ئاسته‌نگانه‌ كرا كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌و گرفتی كابینه‌كانی ڕابردووه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی مسته‌فا كازمی ببێته‌وه‌، له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكاندا باسی قه‌یرانی داراییی هه‌رێمی كوردستان و دۆخی نه‌خوازراوی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت كرا، كه‌ به‌هۆی لێكه‌وته‌ نه‌رێنییه‌كانی ڤایرۆسی كۆڕۆناوه‌ دروستبووه‌.
هه‌روه‌ها باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتی: "له‌ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تی كاركردنی ئێمه‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی كوردستان و ڕزگاركردنیانه‌ له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان تێیی كه‌وتووه‌".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باسی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی په‌یدابوونه‌وه‌ی داعش و هه‌ندێك جموجۆڵی ئه‌م دواییانه‌ كرا، كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆرله‌لای خه‌ڵكی كوردستان و عێراق.
سه‌باره‌ت به‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو و هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ كه‌ په‌رله‌مان ده‌بێت سه‌كۆی سه‌قامگیری و ئارامی بێت له‌ كوردستان و نه‌بێته‌ مایه‌ی لێكترازانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و په‌رته‌وازه‌كردنی شه‌قامی كوردی"، هه‌روه‌ها گووتیشی: "نیشتیمانسازی و به‌دیهێنانی دیموكراسیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ لێمان ده‌خوازێت كه‌وا ئێمه‌ له‌م دۆخانه‌دا ھەموو لایەک بەیەکچاو سەیر بکەین و بێلایه‌نی هه‌ڵبژێرین، له‌پێناو پاراستنی یه‌كڕیزیی نیشتیمانی".
لای خۆیانه‌وه‌ جینین هینیس نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌، هه‌ڵوێسته‌ جوان و تێڕامانه‌ سیاسییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌نیشانه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌داری وه‌سفكردو هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌یدا.