Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی مەتڕانی ئەبریشەی ھەولێری کلدانی کرد

 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠/٥/٢٠٢٠ د. ڕێواز فایەق سەردانی مەتڕان (بەشار مەتی وەردە) مەتڕانی ئەبریشەی ھەولێری کلدانی کرد.

لە دیدارێکی نێوانیاندا باسی گرینگی تەبایی و پێکەوە ژیان و تێکەڵی کۆمەڵایەتی نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان کرا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند"پەرلەمان پابەندی بنەما دەستوری و یاساییەکانە، لە پاراستنی مافە کلتوری و فەرھەنگیەکانی پێکھاتە نەتەوەییە جیاوازەکانی کوردستان، و ڕەنگاڵەیی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی وڵاتی ئێمە گرینگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ئێمە بەهەموو توانایەک ئەم تایبەتمەندیەی هەرێمەکەمان دەپارێزی، دەخوازین کە ئەندام پەرلەمانەکانی پێکھاتە جیاوازەکانیش فاکتەری ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری کوردستان بن و خۆیان لە ململانێی نێوان ھێزە سیاسیەکان بپارێزن، لەبەرئەوەی ئەوان نوێنەرایەتی تێکڕای خەڵکی خۆیان دەکەن و، دامەزراوەی پەرلەمانیش موڵکی ھەموو کوردستانیانە".

لای خۆیانەوە مەتڕان ( بەشار مەتی وەردە) خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕی بۆ سەردانی سەرۆکی پەرلەمان و گووتی: ئێمە لەوە تێدەگەین کەوا لە ناوچەیەکی ھەستیار و تەژی لە کێشەو ململانێی سیاسیدا دەژین، خەڵکی ئێمەش لە ئاستێکی ھوشیاری باشن، لە توانایاندایە کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و هەڵوێستەکان ھەڵبسەنگێنن، ئێمە بەردەوام ھەوڵی خۆمان داوە لە پێناو ئارامی و سەقامگیری و پێکەوە ژیان، بەردەوامیش دەبین لە چاندنی گیانی تەبایی و برایەتی.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا مەتڕان ( بەشار مەتی وەردە) وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ گیانی ئاشتی و تەبایی، سەبەتەیەکی چنراو بە گوڵی گاردینیای سپی کەنیسەی ھەولێری کلدانی پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.