Skip to the content
Menu

ليژنەى كاروبارى تەندروستى و ژينگە و مافى بەكاربەر پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پەرستاران دەکات

بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەرستاران لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پەرستارانی کوردستان و جیهان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

به‌بۆنه‌ی ١٢ ی مایس ڕۆژی جیهانی په‌رستاران پیرۆزبایی له‌ په‌رستارانی جیهان به‌گشتی و په‌رستارانی ئازیزی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین.

‏‎له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ پیرۆزده‌كه‌ینەوە جیهان ڕووبه‌ڕوی په‌تایه‌كی كوشنده‌ بۆته‌وه‌ و په‌رستارانی ئازیزمان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارەتی له‌خزمه‌تی پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیانن و پڕسه‌روه‌ریترین مێژوویان تۆماركرد له‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ‏‎هاوشان له‌گه‌ڵ خوشك و برایانی تر له‌ توێژه‌كانی ناوه‌ندی ته‌ندروستی له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ن بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رستاران و پزیشكان و فه‌رمانبه‌رانی تری ناوه‌ندی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ قه‌لغان و خۆیان تووشی ئه‌م ڤایرۆسه‌ بوون وخۆشبه‌ختانه‌ به‌ئیراده‌ی به‌رزیان به‌سه‌رنه‌خۆشییه‌كه‌دا زاڵبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌ پیرۆزه‌كانیان .

‏‎جێگای خۆیه‌تی له‌م یاده‌دا ڕۆڵی په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی خۆبه‌خش له‌یاد نه‌كرێت كه‌ پێشمه‌رگه‌ ئاسا و بێ به‌رامبه‌ر له‌ خزمه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی دان و به‌ده‌ر نین له‌وپه‌رستارانه‌ی كه‌ دووچاری مه‌ترسی ته‌ندروستی بوونه‌ته‌وه‌ .

‏‎داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین هەلی کاری زیاتر برەخسێنێ بۆ  په‌رستاران و ده‌رچووانی به‌شه‌ ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان له‌ هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌تواناكانیان وه‌ربگیرێت، و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كاندا ڕه‌چاوی هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌رك ومافه‌كانیان بكرێت و هانی سه‌ندیكاكانی تایبه‌تمه‌ند ده‌ده‌ین كه‌ له‌ ئه‌ركی ڕێكخراوه‌ییان به‌رده‌وام بن له‌ به‌رگری كردن له‌ مافه‌كانی توێژه‌كانی ناوه‌ندی ته‌ندروستی ، هاوکات ئاماده‌یی خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ پێویستە یاساییه‌كان له‌م پێناوه‌دا .

‏‎وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ مامۆستایانی ئازیزی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی په‌رستاری بۆ پێگه‌یاندنی په‌رستاری لێهاتوو و پێشكه‌شكردنیان به‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان ،پێویسته‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا هه‌ماهه‌نگی زیاتر بكه‌ن بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندنی به‌رده‌وام بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی په‌رستاری له‌ هه‌رێمی كوردستان . ‏‎

دووباره‌ پیرۆزه‌ و به‌ هیوای ته‌ندروستی باش بۆ هه‌موو لایه‌ك و خوای گه‌وره‌ هاوڵاتیانمان پارێزراو بكات .

ليژنەى كاروبارى تەندروستى و ژينگە و مافى بەكاربەر 

پەرلەمانى كوردستان

12/5/2020