Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئه‌وقاف ستایشی هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تی هه‌رێم پەیوەست بەکۆڕۆنا دەکات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی گرنگى په‌یوه‌ست به‌كاروبارى لیژنه‌كه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2020/5/17، لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی ئیحسان محه‌مه‌د سه‌لیم جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو زۆربه‌ى ئه‌ندامانى و راوێژكاری لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌و نووسراوانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆكردنیان بڕیارى پێویستییان له‌باره‌وه‌ درا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ستایشی هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانى رێكاره‌كانی خۆپاراستن له‌ڤایرۆسی كۆڕۆنا، به‌تایبه‌ت رۆلى هه‌ریه‌ك له‌داموده‌زگاكانى ناوخۆ و ته‌ندروستی به‌رزنرخێندران كه‌ توانییان به‌ئه‌ركى فه‌رمانبه‌رى و پیشه‌یی و مرۆڤدۆستانه‌ی خۆیان هه‌ڵبستن و پارێزگارى له‌ته‌ندروستیی هاووڵاتییان بكه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ڕۆلى مامۆستایانی ئاینی كرا له‌پابه‌ندبوونیان به‌ ڕێنماییه‌كان و گه‌یاندنی ئامۆژگارى و په‌یامه‌كانیان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌ى ئاماده‌یى خوێندنی ئیسلامی به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنیان له‌زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا بۆئه‌وه‌ى چیتر له‌درێژه‌دان به‌خوێندن دوانه‌كه‌ون.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر رێزگرتن له‌پیرۆزیی ئاینه‌كان و داواكرا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نه‌درێ سوكایه‌تی به‌هیچ ئاین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكرێت به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌.