Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی بارودۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و پرسى سووتاندنی ده‌غل و دانی جووتیارانی ئه‌و ناوچانه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/5/13، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێم لە پەرلەمانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی جوان یونس رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانى و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى ناهەمواری ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و سەرهەڵدانه‌وه‌ی جموجۆڵى چەکدارانی داعش و پرسی سووتاندنی دەغڵ و دانی جووتیارانى ئه‌و ناوچانه‌ تاووتوێ كرا کەڕۆژبەڕۆژ دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ دەڕوات و له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌، به‌پێویستی زانی بەزووترین کات ڕێگری له‌مجۆره‌ كارانه‌ بکرێت، هه‌روه‌ها داواشی كرد دانیشتنێکی تایبه‌تى پەرلەمانی بۆ ساز بکرێت بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکى گونجاو، بۆیە بەپێی ماددەی ٦٦ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانى كوردستان بڕگەی یەکەم لیژنه‌كه‌ نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.