Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی یاسایی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیارێك ئاماده‌ ده‌كات

سه‌عات 1ى پاشنیوه‌ڕۆى ڕۆژى چوارشه‌مه‌ 2020/5/6، لیژنه‌ی كاروبارى یاساییی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌باره‌ى ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له‌حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ) ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، پێشنیازه بڕیاری (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له‌ حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ) گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كرا كه‌ له‌دانیشتنی رۆژی چوارشه‌مه‌ 2020/5/6، ژماره‌ (3)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراو تایبه‌تمه‌ندیی به‌په‌له‌ی پێدرابوو.
دوای وه‌رگرتنی پێشنیازو تێبینیی په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی پێشنیازه بڕیاره‌كه‌، سه‌رجه‌م تێبینییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ جێكرانه‌وه‌و بڕیاریشه‌ راپۆرته‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا بۆ ئه‌نجامدانی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ته‌واوكردنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشنیازه‌بڕیاری (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له‌ حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، له‌ناوونیشان و چوار بڕگه‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌.