Skip to the content
Menu

لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش دەكات گیانی رۆژنامەنووسان بپارێزن

دەقی راگەیاندراوی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان :

 لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، داوا لە هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، گیانی ڕۆژنامەنووسان و خەڵكانی ناڕازی بپارێزن، پاڵپشت بە هەردو یاسای "مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان -عیراق/ یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013" و هەروەها "رۆژنامەگەریی لە كوردستان/ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007"ی پەرلەمانی كوردستان، ئازادیی كاری میدیایی و ئەنجامدانی روماڵی میدیایی، لە چوارچێوەی یاسادا و بۆ رۆژنامەنوسانی كوردستان زامنكراوە و نابێت بەهۆی روماڵكردنەوە رێگرییان لێبكرێت، یان دەستبەسەربكرێن.

وەك چۆن پەرلەمانی كوردستان، لەو سۆنگەیەوە ئەو دوو یاسایەی بۆ كاری میدیایی دەركردووە، كە رۆژنامەنووسان چاوی گەلن و دەبێت ئاسانكارییان بۆ بكرێت بۆ گواستنەوە و روماڵكردنی روداوەكان و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان بۆ هاوڵاتیان. نابێت چیتر رۆژنامەنووسان بەتۆمەتی روماڵكردنی خۆپیشاندان و ئازادیی كارەكەیانەوە دەستگیربكرێن.

بەرگریكردن لە ئازادیی كاری میدیایی، بەرگریكردنە لە پرەنسیپ و بنەماكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و ئەركی دەسەڵاتە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە زامنی بكات.

لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان

پەرلەمانی كوردستان

17/ 5/ 2020