Skip to the content
Menu

نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-یان کرد

 ئەمڕۆ ١٧/٥/٢٠٢٠ نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا کە ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان ديد و سه‌ر‌نج و ڕوانينى خۆيان بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو و باسيان له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ى پێكهاته‌كان له‌ ژيانى سياسى و كارگێڕيى هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پاراستنى ماف و شايسته‌كانيان له‌ بوارى نوێنه‌رايه‌تيكردنيان له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى شايسته‌ و به‌ركه‌وته‌ كارگێڕييه‌كاندا كرده‌وه‌.

نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان، وێراى دووپاتكردنه‌وه‌ى پێزانين و سوپاسگوزارييان بۆ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وه‌ك چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌پێناو پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كات، چه‌ندين كێشه‌ و گرفتيشيان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ڕووى سياسى و كارگێڕييه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوويان ده‌بنه‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌ كه‌موكورتى و پێداويستيى خزمه‌تگوزارى له‌ چه‌ند ناوچه‌يه‌ك كرد و داوايا‌ن كرد سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنياندا، هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بێت.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌ پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و جێگريكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستوورى داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ و هه‌بوونى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كانى به‌ مايه‌ى شانازى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و وێنه‌يه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ ده‌بێ بپارێزێت و به‌رگرى لێ بكرێت.

هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ ئه‌وپه‌ڕى پێويستى به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌يى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هاوكار بن و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.