Skip to the content
Menu

پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

به‌ بۆنه‌ی بیست وهه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ قۆناغێكی سه‌خت و دژواری دوای ڕاپه‌ڕین، بڕیارێكی بوێرانه‌ و حه‌كیمانه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بوو بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی کە خواست و ویستی كوردستانییان له‌ خۆ به‌ڕێوه‌بردن وده‌وڵه‌تداریدا هیچی‌ له‌ گه‌لانی دیكه‌ی دونیا کەمترنیە.

گۆڕینی هەلومەرجی سەختی دوای ڕاپەڕین، لە کۆڕەوەوە تا کشاندنەوەی هەموو دامودەزگا فەرمیەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، بۆ دەرفەت و ده‌سكه‌وتی مه‌زن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرجەستەکردنی ئیراده‌ی پۆڵایین و خواست و توانای گه‌له‌كه‌مان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەریی؛ هەمووشیان پێکەوە گوزارشت بوون لە خواستی گەلێکی سته‌ملێكراو بۆ دیموكراسیه‌ت و به‌ده‌ستهێنانەوەی مافه‌ ‌ سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتکراوەکانی.

له‌ ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك دامەزراوەیەکی دەستووری هەرێم، لە سنووری دەستڕۆییەکانی خۆیدا بەرپرسە لەبەردەم کوردستانییان بە بێ ڕەچاوکردنی باکگراوند، ئایین، نەتەوە و ئینتمای سیاسییان لە هەوڵدان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نەتەوەیی و نیشتمانییە‌ باڵاكان و نوێنەرایەتیکردنی هاوڵاتییان لە بەدیهێنانی ماف وداخوازییه‌ ڕه‌واكانیان چونکە دواجار شکۆداری و متمانەی هەر دامەزراوەیەک لە بەجێهێنانی ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەخلاقیەکانیدا بەرجەستە ئەبێت.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین دروود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕیان، و سڵاو بۆ خۆڕاگری گەلەکەمان.

د. ڕێواز فایه‌ق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

18/5/2020