Skip to the content
Menu

راپۆرتی کۆتایی سه‌باره‌ت به‌پێشنیازه‌‌بڕیاری پێشکەشکردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار پێشکەش بەسەرۆکایەتیی پەرلەمان كرا

بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر ئەو بڕیارە تەشریعییەی کە پەیوەستە بەدرێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/5/13، لیژنەی كاروبارى یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی بژار کۆچەر سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەکە کوبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەم مادەو بڕگەکانی ئه‌و پێشنیازه‌بڕیارە ئامادەکران کە تایبەتە بەدرێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بەدەر لەحوکمی مادە 82ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بەوەرزی یاسادانانی خولی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ده‌سته‌ی سەرۆکایه‌تی و ئەندامانی لیژنەکە بڕیاریاندا ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەش بەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکەن بۆئەوەی لەدانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر پێشنیازه‌بڕیارەکە بدرێت.