Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ساڵیادی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا
د.رێواز فایه‌ق: "كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو كایه‌ی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و کۆی عێراق"

له‌یادی سێهه‌مین ساڵه‌ی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا-دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
له‌سێهه‌مین ساڵیادی ژیانئاواییی گه‌وره‌ سه‌ركرده‌، بیرمەندو سیاسه‌تمه‌داری گه‌له‌كه‌مان ڕه‌وانشاد كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ری ڕێزو وه‌فا داده‌نوێنین و ئه‌م یاده‌ خەمهێنەرە به‌شکۆوە ڕاده‌گرین.
دیاره‌ كۆچی دوایی ئه‌م بیرمه‌ندو سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ی شۆڕشی نوێ و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو كایه‌ی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و کۆی عێراق و گەلی کوردستان ڕابەرێکی مەزنی لەدەستدا.
ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنیشه‌ تێزو بۆچوونه‌ فیكرییه‌ قووڵ و دونیا بینییه‌ دوورمه‌وداكانیه‌تی كه‌ له‌یٔێستادا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر ئاماژەکانی دیارکەوتوون، بەتایبەت کە زیندوو مانه‌وه‌ی بیری سیاسی و نیشتیمانیان له‌ زیهنییه‌ت و یاده‌وه‌ریی تاكی كوردی په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ڵوێست و قوربانیدان و پته‌وی بیروباوه‌ڕی سیاسیی ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوه‌، كه‌ له‌تێكڕای قۆناغه‌كانی خه‌بات و تێكۆشانی سیاسیی خۆیدا سازشی له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان نه‌كردووه‌.
به‌رزو شكۆدار بێت یادی كۆچی دوایی ئه‌ندازیاری ڕاپه‌ڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان و دروود بۆ گیانی پاكی كاك نه‌وشیروان و سەرجەم شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
د.ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/5/18