پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز
لەپەیامێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، جوانترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی و عێراق و جیهان بە گشتی دەکەین.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
ئەم جەژنە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان ڕووبەڕووی پەتایەکی کوشندە بووەتەوە و بە هۆیەوە تووشی کۆمەڵێک لێکەوتەی خراپ و سەختی تەندروستی، ئابووری و سیاسی بووینەتەوە، بەڵام پێویستە لەسەرمان لەم کاتانەدا بە گیانی برایەتی و لێک تێگەیشتن و دڵسۆزی ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە.
هەرێمی کوردستان پێشتریش بەسەر زۆر قەیراندا زاڵ بووە و بەهۆی دڵسۆزی و لە خۆبردوویی هاووڵاتیان دۆخی لەمە سەختتری بڕیوە، کە ئەمە وامان لێدەکات بە باوەڕێکی زۆرەوە بڵێین دواڕۆژێکی گەش و ئایندەیەکی ڕووناک چاوەڕێمان دەکات.
جەژن واتا هەرە دیارەکەی لێبوردەیی و لێخۆشبوون و گەردن ئازادییە، پێویستە بەو گیانە دەست بخەینە ناو دەستی یەک و بەسەر سەختییەکان باز بدەین.
جارێکیتر بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، پیرۆزبایتان لێ دەکەین، و داواکارین لە خوای گەورە کوردستانمان بپارێزی و بەهێزتر و ئاوەدانتری بکات۰
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٣/٥/٢٠٢٠