Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

 د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە: 

به‌ بۆنه‌ی 58 په‌نجاو هه‌شته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك وئه‌ندامانی سكرتاریه‌ت و سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌ین، ئومێدەوارین ئەم یادە مەزنە ببێتە مایەی بەرەو پێشەوەچوونی زیاتری کاری ڕێکخراوەیی-ـتان. ‎جێگای شانازییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یادی یه‌كێك له‌ دیارترین ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌ پێشه‌نگ و چالاكه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌م ڕێكخراوه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌رو به‌رچاوی بینیوه‌ له‌ پێگه‌یاندنی سه‌دان كه‌سایه‌تی زانستی، په‌روه‌رده‌یی، ڕۆشنبیری، و سه‌ركرده‌ی سیاسی، ‎یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی شۆڕشدا شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری وتێكۆشاندا چه‌كی شه‌ره‌فیان كردۆته‌ شان و له‌ پاڵ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ و فێركردنیان له‌ دێهاته‌كانی كوردستاندا فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ و ڕۆڵێكی بەرچاویان بینیوە بۆ ده‌ربازكردنی نەوەکانمان له‌ نه‌خوێنده‌واری، ‎ ھەروەھا له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی كاری ڕێكخراوه‌ییدا خاوه‌نی سه‌دان سه‌روه‌رین، و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانیه‌كانیان جێگای شانازی سەرجەم كوردستانیانه‌.

لە ئێستاشدا کە بەھۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەوە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لە دۆخێکی سەختدایە، پێویستە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەییدا بێلایەنانەو دوور لە کاریگەری و دەستێوەردانی ھیچ حزب و لایەنێک داکۆکیکاری ماف و داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان بێت، و دڵسۆزانە گوزارشت لە ویست و داخوازیەکانیان بکات، بە جۆرێک کە لە ئاست ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایان بێت، و هاوتای ئه‌و هەوڵ وخۆته‌رخانكردنه‌یان بێت كه‌ پێشكه‌شیان كردوه‌ له‌ پێناوی سه‌رخستن و بەردەوامی پرۆسه‌ی خوێندن، ھەر شاد و سەرکەوتوو و سەرفرازبن.

‎د. ڕێواز فایه‌ق

‎سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

14/5/2020