Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی لاوه‌كیی ده‌رمان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌سێكته‌ری ده‌رماندا ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ده‌رمان، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2020/11/24، لیژنه‌ی لاوه‌كیی ده‌رمان، به‌سه‌رپه‌رشتیی زانا مه‌لا خالید سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانى كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی كه‌پێشتر لیژنه‌كه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كردبوو به‌مه‌به‌ستی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی مامه‌ڵه‌كردن به‌ده‌رمان و ڕێكخستن و چاكسازی له‌گرفته‌كانی ده‌رمان و چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌كی ترو جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ كار له‌سه‌ر به‌شێكی زۆری ڕاسپارده‌كان كراوه‌و ژماره‌یه‌ك بڕیاری پێویست له‌و سێكته‌ره‌ ده‌رچوون له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی لیژنه‌كه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای ڕاوێژی ئه‌ندامان بڕیاردرا چه‌ند کۆبوونەوەیەک له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت بكرێت به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ئامادەكردنی ڕه‌شنوسی یاسای دامه‌زراوه‌ی خۆراك و ده‌رمان له‌هه‌رێمی كوردستان.
له‌كۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌ورەی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان بكات‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ئیش و كاره‌كانیان، هاوکات سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی كۆنترۆڵی جۆریی ده‌رمان بكرێت بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌ر راسپارده‌كانی لیژنه‌کە دراون .
شایانی باسە لیژنه‌ی لاوه‌كیی ده‌رمان سه‌ر به‌لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ره‌و تایبه‌ته‌ به‌كاركردن له‌سه‌ر پرسی ده‌رمان له‌هه‌رێمی كوردستاندا.