Skip to the content
Menu

لیژنەی كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ به‌دواداچوون بۆ گرفتەكانی بەندكراوان دەكات

بەمەبەستی بەدواداچوون و قسه‌كردن له‌سه‌ر چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی بەندكراوان و دانانی بەرنامەی سەردانیكردنی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆسێشه‌مه‌ 2020/11/3، لیژنەی كاروباری كۆمەڵاَیەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دانانی بەرنامەی كاری لیژنەكە كرا بۆ سەردانیكردنی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون و هۆكاری دواكەوتنی داوای تۆمەتباران لەدادگای لێكۆڵینەوە بەهۆی دواخستنی دادبینییەكان بەهۆی ئامادەنەبوونی پارێزەر، یان شاهێد كە ەپێی یاسا دەبێت لەماوەی شەش مانگدا یەكلایی ببێتەوە لەدادگای لێكۆڵینەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەكە داوا هەیە زیاتر لەساڵێك دەخایەنێت.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا لیژنە تاووتوێی سەردانیكردنی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی كرد، تایبەت بە ڕەوشی زیندانیكراوان لەچاكسازییەكاندا.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنە بەگرنگیزانی سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵاَیەتیی پارێزگاكانی هەرێم بەردەوامیی هەبێت، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی خەڵك و چاكسازییەكان.
هاوکات هەر لەكۆبوونەوەکەدا تاووتوێی ئەوە كرا كەچۆن بەدواداچوون بكرێت بۆ دەستگیركراوانی سنووری پارێزگای دهۆك، لیژنەكە بەپێویستی زانی هەماهەنگی بكرێت لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەی ئەنجامی بەدواداچوونی هەردوو لیژنەكە بكرێتە یەك راپۆرت و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.