Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی و كوردستانی و گرووپی (APPG)ـی پەرلەمانی بەریتانیا پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدەن

لە دیدارێكی ئۆنڵایندا پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ 2020/11/6، لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی و گرووپی (APPG)ـی پەرلەمانی بەریتانیادا جەخت لەسەر بەستنی پەیوەندی و هەماهەنگی دوولایەنە كرایە و نەخشەڕێگای بەستنی پەیوەندی پەرلەمانییش لەنێوان لێژنەی پەیوەندییەكان و لێژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا (ڕێبوار بابكەیی) سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی تیشكی خستە سەر ناوەڕۆكی ڕاپۆرتی گرووپی (APPG) تایبەت بە میكانیزمەكانی هاوكاریكردن و هەماهەنگی حكوومەتی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئەو بەیاننامانەی كە گرووپەكە لەمەڕ ڕەوشی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەردا ڕایانگەیاندبوو. (د. بابكەیی) ڕایگەیاند هەبوونی ئەم جۆرە دۆستایەتیی و خەمخۆرییە بۆ هاوكاریی هەرێمی كوردستان و پرسی كورد دەری دەخات كە كوردستان جگە لە چیاكان دۆستی مەزنیشی هەیە.

هەروەها دووپاتیشی كردەوە كە گرنگە حكوومەت و دامەزراوەكانی بەریتانیا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر بكەن و زیاتر بەهانای كوردستانەوە لە بوارە جیاوازەكاندا بێن. جەختیشی كردەوە كە گرنگریشە كە پەیوەندی فەرمیی و هەماهەنگی دوولایەنە لەنێوان هەردوو پەرلەمانی كوردستان و بەریتانیادا هەبێت و ئێمە بە پەرۆشەوە كار بۆ دروستكردن و بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە دەكەین.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی كۆمەڵێك پێشنیاز و سەرەنجی خستە بەردەم گرووپەكە بۆ ئەوەی لە ڕاپۆرتی داهاتووی خۆیاندا ڕەچاوی بكەن. لەوانەش پرسی هاندانی كۆمپانیا بەریتانییەكان بۆ هاتنیان بۆ كوردستان و ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا، بەهەمان شێوەش بەهاناوەهاتنی تەندروستی كوردستان بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت باشتر ئەم تەنگانە تەندروستییەی كە پەتای كۆڤید-19 دروستی كردووە، بەڕێوە ببات.

(د. بابكەیی) داواشی لە گرووپەكە كرد كە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی كە پەیوەندیی فەرمیی نێوان لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی و لێژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیادا دروست بكرێت.

لای خۆشیەوە پەرلەمانتار (ڕۆبەرت هاڵفن) كە سەرۆكی گرووپەكە و لە هەمان كاتیشدا سەرۆكی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی بەریتانیایە، خۆشحاڵی خۆیی بۆ ئەم نزیكبوونەوە و پەیوەندییە دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانمان دەبێت و لە داهاتووشدا دیدار و گفتوگۆ و هەنگاوی زیاترمان دەبێت." هەروەها دووپاتیشی كردەوە كە كار بۆ ئەوە دەكات لە كاتێكی نزیكدا پەیوەندی لە نێوان هەردوو لێژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان و لێژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دروست ببێت.

داواشی كرد كە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەیان لەبارەی پەیوەندییەكانی بەریتانیا و كوردستانەوە بخرێتە بەردەم لایەنە پەیوەنددارەكانی كوردستان و ناوەڕۆكەكەشی لەگەڵ كۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی نێو ڕاپۆرتەكە لەسەر ئاستی هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەریتانیا كاریان لەسەر بكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە بەریتانا ئامادەی بوون، ئەندامانی دیكەی بەشداربووش كۆمەڵێك ڕا و سەرەنج و پێشنیازیان گۆڕییەوە. بڕیاریش هاتە دان كە هەردوولا لە داهاتوودا پەرەی زیاتر بە دیدار و كۆبوونەوەكانیان بدەن.

جێگەی باسە گرووپی (All Party Parliamentary Group on Kurdistan) لە كۆمەڵێك لە دۆستانی كوردستان لە حزبە جیاوازەكانی نێو پەرلەمانی بەریتانیادا پێك دێت. هاوسۆزییەكی بەرچاویان بۆ كوردستان و پرسی كورد هەیە و ناوەناوە ڕاپۆرت و بەیاننامە لەبارەی كوردستانەوە بۆ حكوومەتی بەریتانیا و بڕیاربەدەستەكانی بڵاو دەكەنەوە.