Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ره‌وشی ته‌ندروستى و مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تاووتوێ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌وشی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان و مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/11/23، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.صباح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ پێشوازیى كرد له‌ د.سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی و شاندی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌به‌ڕێوبه‌رانی گشتیی ته‌ندروستی له‌پارێزگاكانی هه‌رێم و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و ڕاوێژكارانی وه‌زاره‌ت و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی كۆچكردووانی ڤایرۆسی كۆڕۆرنا ده‌ستیپێكرد، دواتر سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی ده‌ستخۆشیی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و پزیشكان و كارمه‌ندان كرد كه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا شه‌ونخوونی و هه‌وڵی زۆریان داوه‌ له‌پێناو سه‌لامه‌تی و پاراستنی هاونیشتمانیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تووشبووان و گیانله‌ده‌ستدان به‌و ڤایرۆسه‌.
دواتر وه‌زیری ته‌ندروستی پرێزنته‌یشنێكی گشتگیری له‌سه‌ر كۆی گشتیی كاروباره‌كانی وه‌زاره‌ت و ئاماری داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان و نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و تایبه‌تی و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ژماره‌ی كارمه‌ندان و خه‌رجیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كۆی گشتیی ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌ران و ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری و پشكنینه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كانى پێشكه‌شكرد.
سه‌باره‌ت به‌ڤایرۆسی كۆڕۆنا، وه‌زیرى ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌مه‌ترسییه‌كانی كردو ڕایگه‌یاند: "تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان 93433 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و له‌نیۆیاندا 2994 هاووڵاتی گیانى له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ داوایكرد هاووڵاتییان پابه‌ندی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی بن و ماسك ببه‌ستن و تابتوانن دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌شوێنی قه‌ره‌بالغ"، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ ڕێژه‌ی تووشبوون به‌و ڤایرۆسه‌ ڕووی له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌ بەبەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و كێشه‌و گرفتییان خسته‌ڕوو و چه‌نندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرى ته‌ندروستی و شاندی یاوه‌ری كرد، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كه‌می ده‌رمانی كۆڕۆنا له‌هه‌ندێك له‌نه‌خۆشخانه‌كان ‌و گرانیی نرخی پشكنینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا به‌تایبه‌ت له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان و نرخی نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی تریش داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان كردو له‌لایه‌ن د.سامان به‌رزنجی و ستافی وه‌زاره‌تیشه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان درایه‌وه‌.
له‌كۆتاییدا سه‌رجه‌م به‌ڕیوبه‌ره‌ گشتییه‌كانی ته‌ندروستی له‌پارێزگاكان و یٔیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و قه‌زاكان، كورته‌باسێكیان ده‌رباره‌ی دۆخی ته‌ندروستیی ناوچه‌كانیان و‌ كێشه‌و كه‌موكوڕِییه‌كانیان خسته‌ڕوو و داوای هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌ییان له‌لیژنه‌ی ته‌ندروستی كرد بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موولایه‌ك بتوانرێت له‌پێناو سه‌لامه‌تيی هاونیشتمانیيانی هه‌رێمی كوردستان دۆخی ته‌ندروستی به‌ره‌و باشتر بڕوات.