Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی به‌دواداچوون بۆ رەوشی ئاینی له‌قەزای كۆیە ده‌كات

بەمەبەستی بەسەركردنەوەو لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی ئاینی له‌سنووری قەزای كۆیە، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/11/9، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كەپێكھاتبوو لە ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگری سه‌رۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بریاردەری لیژنەو فەیسەڵ عه‌باس ئەندامی لیژنەكه‌ بەجیا سەردانی ھەریەك لەقایمقامیەت و لقی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان و بەرێوەبەرایەتيی ئەوقافى قه‌زاى كۆیه‌-ى كرد.
لە میانەی سه‌ردانه‌كانیاندا لەگەڵ قایمقام و مامۆستایانی ئاینى باس لەبارودۆخی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و رۆل و كاریگەریی مامۆستایانی ئاینی لەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه‌ له‌وتاره‌كانی رۆژانی ھەینیدا كرا  لەھەموو بابەتە گرنگ و ھەستیارەكاندا، ھەروەك جەخت لەسەر پاراستنی پیرۆزیی مزگەوتەكان كرایەوەكەنابێت رێگە بدرێت مینبەری مزگەوتەكان بۆ تەشھیرو ناوزڕاندن و ململانێى سیاسی بەكاربھێندرێت، بۆ ئەمەش جەخت كرایەوە لەسەر پابەندبوون بەڕێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌انیاندا شاندى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان گوێبستی چەندین داواكاری و پێشنیازبوون بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی رەوشی ئاینی لەقەزاكەو بەڵێنیاندا كار لەسەر پێشنیازەكان بكرێت و جەختیش لەسەر ھەماھەنگی و ھاوكاریی بەردەوامی دەزگا ئاینییەكانی سنوورەكە كرایەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینی و بەرەوپێشبردنی رەوشی ئاینی لەسنوورەكەدا.
هه‌روه‌ها شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی كنیسەی قەزاكەی كردو لەگەڵ نوێنەری مەسحییەكان باسى لەڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی نێوان پێكھاتەكان كردو ستایشی رەوشی پێكەوەژیانی قەزاكە كرا كە بۆتە نمونەی جوانی پێكەوەژیان لەسنووری پارێزگای ھەولێرو جەختیش كرایەوە لەسەر بایەخدانی زیاتر بەپەیامی پیرۆزی ئاینەكان لەبورای لێبووردەیی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان.
بریارە لەڕۆژانی داھاتوودا لیژنەكە لەسەرتاسەری ھەرێمی كوردستان درێژە بەسەردانە مەیدانییەكانی بدات بەمەبەستی بەسەركردنەوەی دامەزراوە ئاینییەكان و ئاگاداربوون لەكێشەو داواكارییەكانیان بو خستنەڕوویان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.