Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌ستپاكی تاووتوێی چه‌ند پرسێك ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌ند نوسراوێك، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 2020/11/10، لیژنه‌ی ده‌ستپاكی به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌‌كه‌دا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی سه‌باره‌ت به‌هه‌ردوو پرسی پێنج ملیۆن دۆلاری هه‌ولێر كه‌وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاری وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆی ته‌رخان كرابوو، له‌گه‌ڵ بڕی بیست ملیار دینار كه‌بۆ سلێمانی وه‌ك پایته‌ختی ڕۆشنبیری ته‌رخان كرابوو، دوای گتوگۆی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو دۆسیيه‌یه‌‌ بڕیاردرا دۆسییه‌كان ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی داواكاری گشتی بكرێن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌یان.
سە‌بارە‌ت بە‌كاروبارە‌كانی دە‌ستە‌ی دە‌ستپاكی، لیژنە‌ بڕیاریدا لە‌گە‌ڵ سە‌رۆكایە‌تیی پە‌رلە‌مان كۆببێتە‌وە‌و یاداشتێك لە‌سە‌ر ڕۆڵی دە‌ستەكه‌‌و ھە‌مواری یاسای دە‌ستە‌كه‌و گۆڕانكاری لە‌سە‌رۆكی دە‌ستەكه‌ بدات بە‌سە‌رۆكایە‌تیی پە‌رلە‌مانی كوردستان.
له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ ڕاو سه‌رنجی خۆیانیان له‌سه‌ر نوسراوه‌كان خسته‌ڕوو و ئه‌و نوسراوانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌، ئه‌‌وانه‌ی تریش ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دوا داچوون و چاره‌سه‌ره‌كردنیان.