Skip to the content
Menu

لیژنەی كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ چاكسازیی گەورانی سلێمانی و خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر بەسەر دەكاته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەڕەوشیان و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان، ئەمڕۆ یەكشەمە 2020/11/22، بەجیا دوو لیژنەی لاوەكیى سه‌ر به‌لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی سلێمانی و خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر-یان كرد.
لیژنەی یەكەم كه‌پێكهاتبوو له‌گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنه‌و بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەكه‌، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی سلێمانیى كردو لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە.
دوای كۆبوونەوەكە لیژنەكە سەردانی مەیدانیی ناو بەشەكانی چاكسازییەكەی كردو لەنزیكەوە چاوی بەبەندكراوان كەوتوو گوێی لەداواكارییەكانیان گرت، پاشان بەڵێنی ئەوەیان بەبەندكراواندا كه‌ هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بده‌ن و بیگەیەننە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان.
زانا مەلا خالید ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ، وه‌ك شاندی لاوه‌كیى دووه‌مى لیژنه‌كه‌، سەردانی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێری كرد، بۆئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەو گرفتی ئەو بێسەرپەرشتانە بێت كەدەرچوونی ئامادەیین و ئارەزووی خوێندنیان هەیە لەزانكۆو پەیمانگه‌كان، بۆیە دوای هەوڵەكانی ئەو لیژنەیە توانرا كورسیی خوێندن لەدوو پەیمانگه‌ی تایبەت لەشاری هەولێر بۆ بێسەرپەرشتەكان دابین بكرێت بەخۆڕایی و هەر ئەمڕۆش نوسراوی هەردوو پەیمانگه‌كە پێشكەش بەوەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم كرا.