Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێك و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌ند نوسراوێك، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/11/10، لیژنه‌ی پەروەردە‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه،‌‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ لەھۆڵی لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆكرا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ده‌وامی زانكۆکان و كێشه‌ی قوتابیان، له‌وانه‌ بابه‌تی پێنه‌دانی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان به‌قوتابیانی زانكۆو په‌یمانگه‌كان له‌هه‌ندێك له‌زانكۆو په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، له‌كاتێكدا خوێندن له‌م ناوه‌ندانه‌دا ده‌ستی پێكردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیاردرا چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێنرێت و سه‌ردانی به‌شێك له‌زانكۆكانی هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك بكه‌ن و له‌نزیكه‌وه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ بده‌ن.
له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ گفتوگۆكرا له‌سه‌ر كێشه‌ی هه‌ردوو زانكۆی ستراتفۆردو ئۆستاراڤا، دوای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر‌ كێشه‌كانیان بڕیاردرا بانگهێشتی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو نوێنه‌رانی هه‌ردوو زانكۆكه‌ بكرێت و له‌نزیكه‌وه‌ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتەکان پێشكه‌شی لیژنه‌كه‌ بكرێن بۆئه‌وه‌ی بڕیارێكی دروست له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و زانكۆیانه‌و قوتابییه‌كانیان بدرێت.