Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر‌ كێشه‌ی هه‌ندێ زانكۆی تایبه‌ت و چه‌ند پرسێكی تر، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/11/16، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی له‌ د.محه‌مه‌د حوسێن سه‌رۆكی ده‌زگاى سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایى جۆرى و د.خه‌تاب ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوان و د.هاوكار ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌رى دڵنیایی جۆرى و متمانه‌به‌خشین و مامۆستا ئیبراهیم ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنی تایبه‌ت و شكار به‌ختیار به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستی و سه‌لامه‌ت له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كرد.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌،‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبینییان له‌سه‌ر‌ كێشه‌ی نه‌كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و كێشه‌ی چه‌ند زانكۆیه‌كی تایبه‌ت و چاره‌نووسی ئه‌م زانكۆیانه‌و قوتابییه‌كانیان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها کرێی خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان و چارەسەرکردنی گرفتی ئەو قوتابییانەی کەبەھۆی ھەبوونی ھەڵە لەڕێبەری وەرگرتن تووشی گرفت ببوون و بابه‌تی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆڕِۆناو ئاماری تووشبووانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابیان هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كرا .
دواتر ستافی وه‌زاره‌ت وه‌ڵامی پرسیارو سه‌رنجه‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌یان دایه‌وه‌و له‌سه‌ر‌ نه‌كردنه‌وه‌ی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی پارێزگای ھەولێرو سلێمانی، ئاماژه‌یان به‌كێشه‌ی دارایی كردووه،‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ بابه‌تی خۆپارێزی و ڤایرۆسی كۆڕۆناو هیوایان خواست كه‌بتوانن هه‌موو به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان بكرێنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی هه‌ردوو زانكۆی ستارتفۆردو ئۆستراڤا، به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت جه‌ختییان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ئه‌وان له‌خه‌می چاره‌نووسی قوتابییان و ستافی زانكۆكاندان و ڕایانگه‌یاند: "له‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاودان و له‌هه‌ماهه‌نگیی ته‌واودا ده‌بن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مان تاچاره‌سه‌ركردنی كۆتایی بۆ ده‌دۆزنه‌وه"‌ .
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی و زه‌روریه‌تی ئه‌مجۆره‌ دیدارانه‌ بۆ زیاتر هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یى بۆئه‌وه‌ی بتوانن سوود له‌بیرۆكه‌و شاره‌زایی یه‌كتر وه‌ربگرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م وه‌زاره‌ته‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی قوتابیان و دابینكردنی كه‌شێكی گونجاو بۆ خوێندن.