Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی رۆشنبیری ڕاپۆرتێك له‌سه‌‌ر ڕه‌وشی گه‌نجان و لاوان ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆخی گه‌نجان و لاوانی هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/11/16، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر‌ دۆخی گه‌نجان و لاوانی هه‌رێمی كوردستان و دیارده‌ی بێكاری و دانه‌مه‌زراندن و دیارده‌ی كۆچی گه‌نجان و كێشه‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م گه‌نجان.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌و ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنج و تێبینییه‌كانییان له‌سه‌ر پرسه‌كان خسته‌ڕوو و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌پێویسته‌ گه‌نجان و لاوانی هه‌رێمی كوردستان ژیانێكی شایسته‌تریان بۆ دابین بكرێت و سوود له‌تواناو كارامه‌یی و شاره‌زاییان وه‌ربگیرێت.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكی گشتگیر له‌سه‌ر دۆخی لاوان له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌داتاو زانیاریی ته‌واو له‌خۆبگرێت و تیایدا كێشه‌و گرفته‌كانیان بخرێنه‌ڕوو، كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده‌ش ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكرێت.
بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بڕگه‌یه‌ك بۆ باسكردنی ڕه‌وشی لاوان ته‌رخان بكرێت و ڕاپۆرته‌كه‌ له‌و دانیشتنه‌دا ده‌خوێندرێته‌وه‌و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.