لیژنەی شەهیدان بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەكات كەبەناوی شەهیدانەوە بازرگانیی پێوە دەكرێت
بەمەبەستی گفتوگۆكردن و بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانەی بەناوی شەهیدانەوە بازرگانیی پێدەكرێت و رێكخستنى كۆبوونهوهیهك لهگهڵ وەزارەتی شەهیدان سەبارەت بەو رێكخراوانەی هاوكاری و كەلوپەل بەسەر خانەوادەی شەهیدان دابەش دەكەن، ئەمڕۆ پێنجشەمە 2020/11/26، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ژمارەیەك لەئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر سەردانیكردنی لیژنەكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کەشاندێكی لیژنەكه لهچهند رۆژی رابردوودا بهمهبهستى بەدواداچوون بۆ ئەو ناڕەزایەتییەی سەبارەت بەدابەشكردنی كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ئهنجامیدابوو و لەگەڵ وەزیرو بریكاری وەزیری پێشمەرگە كۆببووەوە.
لهكۆبوونەوەكە لیژنە بڕیاریدا بانگهێشتنی وەزارەتی شەهیدان بكات بۆئەوەی هەماهەنگیی زیاتر دروست بكرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی دابەشكردنی یارمەتی بەسەر كەسوكاری شەهیدان بكرێت، كە چیتر وەزارەتی شەهیدان رێگەنەدات ئەو جۆرە كەلوپەلە كۆنانە بەسەر خانەوادەی شەهیداندا دابەش بكرێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری ئەوەشیدا بەفەرمی نوسراو ئاڕاستەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكات تاوەكو كۆنتڕۆڵی ئەو رێكخراوانە بكەن كەبەناوی شەهیدانەوە كاردەكەن.
لەكۆتایی كۆبوونهوهكهشدا بڕیاردرا ئەو لیژنەیهی كه لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاریكراوە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو زەوییانەی كەبەناوی شەهیدان بازرگانیی پێوە دەكرێت.