Skip to the content
Menu

په‌رله‌مان و حكومه‌ت دۆخی شنگال و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن

بەمەبه‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بەشێوه‌یه‌كی گشتی و ھەماھەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئەو ناوچانە، ئەمڕۆ دووشەمه‌ 2020/11/9، لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌هۆڵی لیژنه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆو خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغداو دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن و سەرۆکی گشتیی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیداره‌ى ھەرێم كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بەگشتی و ھەماھەنگیى نێوان حکومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئەو ناوچانە کرا، لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان داوای لەشاندی میوان کرد ھەوڵەکانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ دروسکردنی ڕێکكەوتنی زیاتر لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لەپارێزگای کەرکوک، دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕو ئاڵوگۆڕکردنی راو زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، ھەردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كەپێویسته‌ یەكڕیزیی ناوخۆيی ھەبێت بۆ ئەو داواكارییانەی كەتایبەتن بەمادەی 140و ھەموو ھەوڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ى لیژنەی تایبەت بەو ماده‌یه‌، بۆئەوەی دەستبەكاربێت و بەپێی دەستوور ئەو مادەو بڕگانەی دانی پێدانراوە جێبەجێ بكرێن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو ھەنگاوانە ده‌ربڕی كه‌ حكومه‌ت ناویەتی سەبارەت بەڕێككەوتنی ھەولێرو بەغدا لەبارەی شنگال و ھەوڵەكانیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كەركوك و ناوچەكانی دیكەو جه‌خت له‌وه‌ش كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ھەولەکان چرتر بکرێنه‌وه‌ بۆئەوەى بەزووترین کات رێككه‌وتنی شنگال بکەوێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌.
لەکوتایی دیداره‌كه‌دا لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان سوپاسی شاندی حكومه‌تى کرد بۆ ھەوڵەکانیان به‌مه‌به‌ستی چارەسەركردنی کیشەی ئەو ناوچانه‌، هه‌روه‌ها کۆمەڵێک داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانەش کەئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون گه‌یانده‌ شاندی حکومەت.