Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان بەبۆنەی 31 مین ساڵه‌ى دامه‌زراندنی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان

به‌ڕێز خاتوو کافیە سلێمان سکرتێری یەکێتیی ژنانی کوردستان..
بەڕێزان لە مەکتەبی سکرتاریەت..
بەبۆنەی (31) سی و یه‌كه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانه‌وه‌
گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و سەرجەم ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كانی ڕێكخراوه‌ پێشه‌نگه‌كه‌تان ده‌كه‌ین، ئومێده‌وارین ئه‌م یاده‌ سه‌رەتایه‌كی تازه‌و پڕجۆش و خرۆش بێت بۆ كاری ڕێكخراوه‌ییتان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ڕێکخراوەکەو مافە ڕەواکانی ژنانی کوردستان.
یه‌كێتیی ژنانی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ به‌دیدو تێڕوانینێكی جیاوازه‌وه‌ هاتۆته‌ مه‌یدان و داكۆكیكارێکی سه‌رسه‌ختی ماف و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی ژنان بووه‌و ‌له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوچه‌رخ و یه‌كساندا ڕه‌چه‌شكێن و پێشەنگ بووە، هاوکات‌ سه‌کۆیەکی ئازادی ده‌ربڕین و گوزارشت لەخۆکردنی ژنانی ئازاو خاوه‌ن ئیراده‌ بووه‌، مێژووش گه‌واهیده‌رو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتیی ژنانی كوردستان نه‌خشی هه‌بووه‌ له‌ پێگه‌یاندنی چه‌ندین ژنی سه‌ركرده‌و چالاكوانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌م یاده‌ شكۆمه‌نده‌دا هیوای به‌رده‌وامی بۆ ڕێكخراوه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌خوازین و ئومێد ده‌كه‌ین وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگی داواكاریی ماف و داخوازییه‌كانی ژنان بن له‌پێناو به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوچەرخی دوور له ‌چه‌وساندنه‌وه‌و بێدادی.
جارێكی تر پیرۆزباییتان لێده‌كه‌ین هه‌ر شادو كامه‌ران بن.
د. ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

2020/11/4