ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە
لەکاتێکدا زیاد لە قەیران و نەھامەتییەک بەرۆکی کوردستان و خەڵکەکەی گرتووەو ئاسەوارەکانی پەلاماری داعش و قەیرانی دارایی و پەتای کۆڕۆنا بەھەموو جومگەو جێگەیەکی ھەرێمەکەمانەوە کاریگەریی جۆربەجۆری نەرێنیی داناوە، لەم کاتەدا لەھەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بەتەبایی سیاسی، یەکڕیزیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەسازانی نیشتیمانییە.
گەلی تێکۆشەری کوردستان وێڕای خۆڕاگریی کەم وێنە، بەڵام دیسان ماندووی نەھامەتییەکانی ڕۆژگاری زوڵم و زۆری داگیرکەرانەو ھێشتا برینە گەورەکانی ناو مێژووی نوێمان، لە ئەنفال و ھەڵەبجەو پەلامارە دڕندانەکانی داعش خوێنیان لێدەچۆڕێت، ماک و شوێنەواریی شەڕەکانی ناوخۆ لە مێژووی دوورو نزیکماندا نەسڕاونەتەوە، ھێشتا وێڕای بەخشینی ڕوبارێک خوێنی شەھیدان، بەڵام قەوارەی سیاسیی هەرێم و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان لەمەترسیی دەرباز نەبوون و گەلەکەشمان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەچاوەڕوانیی ئاساییبوونەوەی دۆخی شارەکانیان و جێبەجێبوونی ماددەی 140ی دەستوورن.
لەم سەروبەندەدا جۆشدانی ململانێی نوێی خۆبەخۆ و سەرکێشی و بەهەندوەرنەگرتنی دۆخی قەوارەی سیاسیی هەرێم و دامەزراوە دەستوورییەکانی مایەی نائومێدییە، گەلی کوردستان لەبری ئاڵۆزی و گرژیی نێوان ھێزو لایەنە دژبەرەکان، چاوی لە یەکڕیزی و تەباییە، چاوەڕوانی سازانی حزبەکان و پێکەوەھەڵکردن و قووڵکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردییە.
پەرلەمانی کوردستان کەپێگەی دەستووریی ڕەواو نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسییەتی، هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژیی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردووەو وەکو تاوانێک دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاکی کوردستان دەیبینێت و بۆ ھەردۆخێکی گرژی و لەساتی بوونی ھەر کێشەیەکیشدا ڕێگەی دیالۆگی کردووە بەبژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەکان و لەم هەلومەجەشدا دەبێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێشخەریی ئاشتییانەو ڕەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و دوورخستنەوەی ئەگەری شەڕی براکوژی.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ھەمووان دیدی نیشتیمانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی زاڵ بکەن و ئامانجە بچووکەکانی حزبایەتی تەسک و دیدی ھەژموونخوازیی و قۆڵبادان بەلاوە بنێن و ڕێز لە ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بگرن کە شەڕی خۆبەخۆ وەک کردەیەکی ناڕەواو تاوان دەبینێت.
شەڕو گرژی و ئاڵۆزیی خۆبەخۆو نەسازانی ھێزە سەرەکییە کوردستانییەکان لەم ڕۆژگارە دژوارانەی کەئێستا کوردستان و ناوچەکەو جیھان تیایدا گوزەر دەکەن، بەڵاو نەھامەتیەکی گەورەیە، بەڵایەک ھەمووان تیایدا دەدۆڕێین، کەئەمەش تاوانێکە گەلی کوردستان لەبەرانبەریدا بێدەنگ و لێبووردە نابێت، بۆیە دەبێت لەم ساتە ھەستیارانەدا ھەمووان دانبەخۆدابگرن و لۆجیکی ئاشتی و بژاردە سیاسی و ئەقڵانییەکان زاڵ بکەن و بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەنەوە.
د.ڕێواز فایهق
سهرۆكی پهرلهمانى كوردستان
2020/11/4