Skip to the content
Menu

‎ڕاگەیەندراوێک لە لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان

‎لە ئاكامی كردەیەكی سەربازی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، لە ناحیەی چەمانكی لە قەزای ئامێدی ‎لە بەرواری ٢٠٢٠/١١/٤ ‎پێشمەرگەیەك بە ناوی (هێرش جوهر محمد)شەهید بوو چەند پێشمەرگەیەكیش بریندار بوون ‎لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ‎ئیدانەی ئەم كردەیە و هەموو كردەیەكی هاوشێوەی دەكەین، هەموو شەڕێكی كورد كوژی و مەحروم  و شەرمەزاری دەكەین، ‎داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانیەكان دەكەین كە خۆیان لە شەڕی خۆكوژی بەدور بگرن و كێشەو گرفتەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن. ‎شەڕ ماڵ وێرانكەرە و كەس تێیدا براوە نیە، ‎پەنا بردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی وەدیهێنەری ئازادی و بونیادنەری قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان و وەک هێزێکی دەستووری و بەشێک لە سیستمی بەرگری دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ، پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستوور و سەروەری عیراق وهەرێمی کوردستانە، و بەتەواوی دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناڕەوایە لەکاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان. ‎گومانی تێدانیە کە شەڕی خۆبەخۆی کوردان لەگەڵ یەکتری جگە لە زیان و کارەسات و لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕژانی خوێنی لاوانی کوردستان و سوتانی جەرگی دایک و باوکان شتێکی دیکەی لێ نەهاتۆتەدی، بۆیە دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک بۆئەوە بێ کە پێش بەشەڕ بگیرێ و ئەگەر کێشەش هەبن دەبێ بە گفتوگۆ و ئامرازی ئاشیانە چارەسەر بکرێن و ئەرکی هەموو پارت ولایەنەسیاسیەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە بەگشتی ئەگەر پێیان ناکرێ لەڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان هاوکاری گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، ئەوا با کێشەی بۆدروست نەکەن. ‎
وەکو لیژنەی پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوە وەبیر هەموولایەک دەهێنینەوە کە بەداخەوە ئەو دەسکەوتانەی کە بەهۆی خەباتی مێژوویی و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلەکەمان و بەخشینی دەریای خوێنی ڕۆڵەکانمان بەدەستمان هێناوە وا خەریکە لە ئەنجامی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان هیزە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر، ‎بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسی و كەسایەتیەكان دەكەین، دەست لەناودەست هەوڵی پێش گرتن بەم ڕووداوە نەخوازراوانەو یەك خستنی هەوڵ و هەڵوێستی نیشتمانی لەپێناو دورخستنەوەی شەڕو باڵادەستی ئاشتی و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و تەرخان کردنی وزەو تواناکان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان نەک بەفیڕۆدانیان لەشەڕی خۆکوژی دا . ‎سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم کردەوە سەربازییە دادەنەوێنین و داوای شیفای خێرا و سەلامەتی بۆ بریندارەکان دەکەین .
‎ لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٠/١١/٥