Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌حمه‌د قه‌ره‌مووس هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌تەوه‌یی كوردستان ده‌كات

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2020/11/14، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌ ئه‌حمه‌د قه‌ره‌مووس هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردو شاندێكی یاوه‌ری، كه‌ پێكهاتبوو له‌هه‌ریه‌ك له‌ ئاسیا عه‌بدوڵڵا، مه‌روان حه‌سه‌ن و ڕامان مه‌جید.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی دواین پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌و ئه‌و گرژییانه‌ كرا كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا دروستبووه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی قورسی ئابووری و سیاسی بۆته‌وه‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ بژارده‌ی گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی كه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ لۆژیكی دیالۆگ به‌په‌سه‌ند ده‌زانین و‌ پێمانوایه‌ ده‌بێت زه‌مینه‌ی دیالۆگ له‌نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان بڕه‌خسێنرێت بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رو دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی خۆكوژی و پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ كه‌جێگه‌ی ئومێدی هه‌موو كوردستانییانه‌".
لای خۆیانه‌وه‌ ئه‌حه‌مه‌د قه‌ره‌مووس سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و داوایكرد سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕۆڵیكی ئه‌رێنی ببینێت له‌لێكنزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتن ، له‌پێناو پاراستنی یه‌كڕیزیی ناو ماڵی كوردو دوورخسنەوەی ئەگەری شەڕی خۆبەخۆ.