Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پێشنیازه‌یاساكانى په‌روه‌رده‌و خوێندن و هه‌موارى یه‌كه‌می زانكۆ تایبه‌ته‌كان كرا

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 2020/11/30، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (11)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌و به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی یادكردنه‌وه‌ى قوربانیانی چه‌كی كیمیاوى-یش وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌شكردو تیایدا ڕایگه‌یاند: "له‌م رۆژه‌یا به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستان دروود بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان له‌هه‌ڵه‌بجه‌و بالیسان و بادینان و سه‌رده‌شت و ته‌واوى ناوچه‌كانی دیكه‌ ئه‌نێرین كه‌ به‌هۆى چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ شه‌هیدبوون"، گووتیشی: "له‌م یاده‌دا به‌پێویستی ئه‌زانین ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ گیانی پاكیان بوه‌ستین".
هه‌روه‌ها به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ به‌خێرهاتنى رێكخراوه‌كانی لاوان و گه‌نجان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی كرد كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان بوون.
پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێندرایه‌وه.
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پێشنیازه‌یاسای (په‌روه‌رده‌و خوێندن له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق) و پێشنیازه‌یاسای (هه‌موارى یه‌كه‌می زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانى كردن بۆ وه‌رگرتنى رێككاره‌ یاساییه‌كانى.
پاشان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان باس له‌پرسی مووچه‌و دۆخی دارایی و كراو تیایدا چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌وباره‌یه‌وه‌ خرانه‌ڕوو، كه‌له‌سه‌ر پێشنیازی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان خرایه‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی ئه‌مڕۆ.
دواتر له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان داواتان لێده‌كه‌ین كه‌ هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر بابه‌تی مووچه‌و دانوستاندن له‌گه‌ڵ عێراق به‌ئاماده‌بوونی شاندی دانوستانكار بخرێته‌ ده‌نگدان باده‌ست به‌رز بكاته‌وه‌"، ئه‌وه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سندكراو به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.