Skip to the content
Menu

سێیه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایى مام جه‌لال به‌رز ڕاگیرا
د.رێواز فایه‌ق: "ئاسته‌مه‌ بۆشایی كۆچكردنیمان به‌ئاسانی پێ پڕببێته‌وه"

به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 4-10-2020، به‌ئاماده‌بوونی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و به‌شداریی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى دیوان و راوێژكاران و فه‌رمانبه‌رانی دیوانی په‌رله‌مان، له‌ته‌لارى په‌رله‌مان مه‌ڕاسیمێكی شایسته‌ به‌بۆنه‌ی یادی سێیه‌مین ساڵه‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی سه‌رۆك مام جه‌لال و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى رێگاى رزگاریی كوردستان له‌گه‌ڵ ‌مارشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستیپێكردو دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.
ئینجا چه‌ند وته‌یه‌كی مام جه‌لال له‌كاتی كردنه‌وه‌ی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان په‌خشكراو پاشان د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا ئاماژه‌ی به‌خه‌بات و تێكۆشان و ڕۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌سه‌ر ‌ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌و جیهان كردو راشیگه‌یاند: "هه‌رچه‌نده‌ به‌جه‌سته‌ به‌جێی هێشتووین، به‌ڵام گوفتارو ڕه‌فتارو یادو یاده‌وه‌رییه‌كانى بۆ هه‌میشه‌ له‌هزرو ویژدانى گه‌لانى عێراق به‌گشتى و كوردستانیان به‌تایبه‌ت، به‌زیندووێتى به‌رز ڕاده‌گیرێت و ده‌مێنێته‌وه‌".
ئاماژه‌شی به‌ڕۆڵی مام جه‌لال له‌شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ كردو رایگه‌یاند: "جه‌نابى مام ڕۆڵى كاریگه‌رو مێژوویی له‌شۆڕشى ئه‌یلولدا گێڕاوه‌و داینه‌مۆی شۆڕشی نوێش بووه‌، كه‌ له‌یه‌كه‌میاندا ئایكۆنێكى دیارو له‌دووه‌میاندا پێشه‌واو ڕابه‌ر بووه‌".
د.ڕێواز فایه‌ق له‌وته‌كه‌یدا باسی له‌ڕۆڵی مام جه‌لال له‌چه‌سپاندنی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق و سازشنه‌كردن له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و نه‌خشاندنى نه‌ریتى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌نێوان پێكهاته‌كانى عێراقدا كرد.
گووتیشی: "وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆككۆمارى هه‌ڵبژێردراوى عێراقى نوێ، به‌شایه‌دی دۆست و نه‌یاره‌كانى گه‌ره‌نتیكارى پاراستنى هاوسه‌نگیى نێوان پێكهاته‌كانى عێراق و كۆكه‌ره‌وه‌ى دیدگاو ڕوانگه‌ جیاوازه‌كان بوو، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمیش به‌جۆرێك هاوسه‌نگیى ڕاگرت كه‌گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراقى له‌شه‌ڕى به‌وه‌كاله‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جیاوازه‌كان پاراست".
هه‌روه‌ها باسى له‌رۆلى سه‌رۆك مام جه‌لال كرد له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "پاراستنى یه‌كڕیزیى هێزه‌ سیاسییه‌كان و به‌ئه‌وله‌ویه‌ت وه‌رگرتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى گه‌له‌كه‌مان و پاراستنى قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنی ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كانی كردبووه‌ قیبله‌نومای خه‌باته‌ سیاسیه‌كه‌ی و به‌رده‌وام بره‌وى پێده‌دا، بۆیه‌ ئاسته‌مه‌ بۆشایی كۆچكردنیمان به‌ئاسانی پێ پڕببێته‌وه‌".
دواتر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان به‌جیا تاجه‌گوڵینه‌ی ڕێزو وه‌فایان له‌به‌رده‌م وێنه‌ی مام جه‌لال داناو له‌كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ پیشانگایه‌كی فۆتۆگرافی كه‌تایبه‌ت بوو به‌ژیان و خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیی مام جه‌لال كرایه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو.