لیژنەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ناوەندە یاسا نێودەوڵەتیەكان كۆدەبێتەوە
بەمەبەستی پێداچوونەوەی بەرواردكاری و یاسایی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی سێ شەممە 13/10/2020، ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنەی كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان و راوێژكارانی لیژنەكە، لەگەڵ نوێنەری ناوەندە یاسا نێودەوڵەتیەكان و مافی مرۆڤ كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێداچوونەوەی بەراوردكاری و یاسایی بە مافە یاساییەكان و ئیمتیازاتی كەمئەندام و كەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت لەهەرێمی كوردستان كرا. لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەسەر بڕگەو ماددە یاساكانی تایبەت بە توێژی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیەكان كرا، بەئامانجی دەوڵەمەندكردنی هەمواری یاساكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیە هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون، ۆركشۆپێك ئەنجامبدرێت سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، كە لیژنەكە بەكاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت.