Skip to the content
Menu

په‌یامی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌رێككه‌وتنى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال

سه‌باره‌ت به‌ڕێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تى عێراق له‌باره‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى هەرێم لەپەرلەمانی کوردستان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا پێشوازى له‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كات و هیواداره‌ ئەو ڕێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی (۱٤٠)ی دەستوور، ئه‌مه‌ش ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:
بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ڕێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی لەبارەی دۆخی شنگال دەکەین، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی (۱٤٠)ی دەستوور.
ئێمە لەلیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم لەپەرلەمانی كوردستان، وێڕِای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێم، ڕاپۆرتی تایبەتمان لەبارەی ڕەوشی ئەو ناوچانە ئامادەكردو پێشنیاری دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی كوردستانمان كرد لەسەر ئەو پرسەو لەنزیكەوە چاودێریی ڕەوتی دانوستانەكانمان دەكرد، بۆیە بەپێویستی دەزانین دەستخۆشی لەشاندی دانوستانكاری ھەرێم بكەین كەماندوونەناسانە كاریان دەكرد لەپێناو بەدیھێنانی لێكتێگەیشتنی دوولایەنە لەگەڵ بەغداو ئەركی خۆیان بەسەركەوتوویی بەجێگەیاند، ئێمەش وەکو لیژنە لەنزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکەین.
لەگەل ئەوەشدا بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەبێتەهۆی دروستکردنی ئیدارەیەکی یەکگرتوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەڕِووی ئەمنییەوە لەو ناوچانە بوونیان هەیە.
پیرۆزبایی لەخوشك و برا ئێزدییەکانمان دەکەین بەبۆنەی گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ قەزای شنگال و ماڵ و حاڵیان، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە دڵنەواییەك بێت بۆیان و کەمێك لەئازارو مەینەتییەکانیان کەمبکاتەوە، کە بەهۆی تاوانە بێوێنەکانی چەکدارانی داعش بەسەریاندا هاتبوو.
لەكۆتاییدا، وێڕای دەستخۆشی لەحكومەتی عێراق، پێویستە پابەندبن بەناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنەو بەئەرك و بەرپرسیارییەتییان هەڵسن لەقەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵكی زیانلێكەوتووی ئەو ناوچانە.
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان
۱٠/۱٠/۲٠۲٠