Skip to the content
Menu

ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی یاداشتێك ده‌ده‌نه‌ لیژنه‌ی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مان

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/10/7، ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك و ستافی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی کەنوێنه‌رایه‌تیی پارێزگاکانی هه‌ولێرو دهۆك و سلێمانی-یان ده‌كرد، سه‌ردانی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌هۆڵی په‌ناگیری به‌ڕێوه‌چوو، نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كان یاداشتێكی ناڕه‌زاییان دایه‌ لیژنه‌كه‌ كه‌واژۆی زیاتر له‌ 130 ڕێكخراوو چالاكوانی مه‌ده‌نیی له‌سه‌ربوو و تیایدا كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گرفتی كاری ڕێكخراوه‌یی خراوه‌ته‌ڕوو، به‌تایبه‌تی بابه‌تی ئه‌و ڕسومات و باجانه‌ی كه‌ له‌ستافی ڕێكخراوه‌كان وه‌رده‌گیرێت، هه‌روه‌ها له‌ئێستادا تۆماری ڕێكخراوه‌كان وه‌ستێنراوه‌و داوا ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواش ده‌كه‌ن كه‌فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌كان له‌شاره‌كانی هه‌رێم نوسینگه‌ یاخود نوێنه‌ری فه‌رمییان هه‌بێت و داواشیان له‌لیژنه‌ی ڕۆشنبیری كرد كه‌زیاتر چاودێربن به‌سه‌ر كاروباره‌كانی فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان.
دوای گوێگرتنی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌و گرفته‌كانی ڕێكخراوه‌كان، سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌، به‌ناوی لیژنه‌و ئه‌ندامانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كردو هاوکات جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌بوونی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كاری خۆبه‌خشی، سیمایه‌كی شارستانی و پێشكه‌وتنه‌و به‌هه‌موولایه‌ك ده‌بێت هه‌وڵی فراوانكردنی ئه‌م بواره‌ بدرێت و كاری خۆبه‌خشی و رۆحیه‌تی هاوكاری و كاری مه‌ده‌نی فراوان بكرێت، پێشی راگه‌یاندن كه‌ئه‌وان وه‌كو لیژنه‌ پاڵپشتیی هه‌موو كارێكی یاسایی ده‌كه‌ن كه‌خزمه‌ت به‌بواره‌كه‌ بكات و به‌ڵێنی پێدان كه‌هه‌ولێ جدی بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان و بۆ ئەم مەبەستەش له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
له‌كۆتاییدا بوونی ئه‌مجۆره‌ په‌یوه‌نده‌ییه‌ له‌نێوان لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌كان به‌پێویست زانراو هه‌ردوولا هاوڕابوون بۆ فراوانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان لیژنه‌كه‌و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.