Skip to the content
Menu

به‌ده‌نگی 81 په‌رله‌مانتار پرۆسه‌ی پرساندن كۆتاییپێهات و دانیشتنی متمانه‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ ئه‌نجام نادرێت

سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 2020/10/27، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (9)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
له‌دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى خوێنده‌وه.
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسا‌كانی (پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ)و (یاسای به‌رێوه‌بردن و پاراستنی ئاو)، ‌پشت به‌ست به‌حوكمی ماده‌كانی (79، 80)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی-یه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانى كرد بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاره‌ یاساییه‌كانی تاخوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ ئه‌نجام بدرێت.
پێشنیازه‌یاسای پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌و له‌ 25 ماده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌، مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاوى پاكه‌ بۆ خواردنه‌وه‌و به‌كارهێنانى كه‌مافێكی جێگیرو بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر هاووڵاتییه‌كه‌، هه‌روه‌ها له‌پێناو پاراستنی ژێرخانی تۆڕه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌ده‌ستدرێژى و به‌كارهێنانی خراپ و ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌رى و سوودمه‌ندبوونی چوونیه‌كی هاووڵاتییان له‌سامانى ئاوى گشتى.
پێشنیازه‌یاسای به‌رێوه‌بردن و پاراستنی ئاو-یش كه‌دوو پێشنیازه‌یاسای له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ پێشكه‌ش كراوه‌، كه‌یه‌كێكیان‌، مه‌به‌ست له‌درچوواندیشى دابینكردنی ئاسایشى ئاوو رێگه‌گرتنه‌ له‌خراپ به‌كارهێنانی و ده‌سته‌به‌رى به‌رده‌وامبوونی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌و ده‌سته‌به‌رى دابه‌شكردنی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و باش به‌كارهێنانی و بووژاندنه‌وه‌ى سه‌رتاسه‌رى و پاراستنیه‌تی.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌بریتی بوو له‌دانانی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (عمر عبدالله فتاح) له‌لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (28، 34) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای خستنه‌ ده‌نگدانییه‌وه‌ به‌ده‌نگی 74 په‌رله‌مانتار به‌ڕێزیان له‌لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى دانرا.
سه‌باره‌ت به‌خاڵى سێیه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش كه‌بریتی بوو له‌گفتوگۆی پرساندن و وه‌ڵامه‌كانی به‌ڕێزان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی و ئابووری، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (70، 71، 73) له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆ، پرساندنی هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیرى دارایی، سه‌باره‌ت به‌بڕیارى بڕینی 21% و 18% له‌مووچه‌ی مووچه‌خۆرانى هه‌رێم، كه‌له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پاڵپشت به‌ماده‌كانی (68 و 69)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان پێشكه‌ش كرابوون و داواى دانیشتنێكی تایبه‌تیان كردبوو، به‌پێی ماده‌ی 71 له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ پرساندنه‌كانیان خرایه‌ڕوو و له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی خوێندرانه‌وه‌و دواتر هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان راى خۆیان سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌ی پرساندنه‌كه‌ خسته‌ڕوو و ره‌زامه‌ندبوونی خۆیان بۆ وه‌ڵامه‌كانی به‌ڕێزان له‌ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كه‌له‌دانیشتنی رۆژی 2020/10/5 و دانیشتنی ئه‌مڕۆ خرانه‌ڕوو ده‌ربڕی جگه‌ له‌فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ى پرساندن خرایه‌ڕوو و وه‌ڵامه‌كانتان گوێ لێبوو، ئاماژه‌ به‌بڕگه‌ی چواره‌م له‌ماده‌ی 73ى په‌یڕه‌وی ناوخۆو بڕگه‌ی دووه‌م له‌ماده‌ى 74ى په‌یڕه‌و كه‌یه‌كێك له‌پرسێنه‌ره‌كان داوای دانیشتنی لێسه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ى له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت كردووه‌،‌ ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ڕه‌زامه‌ندیى په‌رله‌مانه‌".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامه‌كانی به‌ڕێزان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "هه‌ر ئه‌ندامێكی به‌ڕێزی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرساندن له‌ئێستادا به‌یه‌ك دانیشتن كۆتایی پێبێت و نه‌چینه‌ قۆناغێكى تر با ده‌نگ بدات"، ئه‌وه‌بوو به‌ده‌نگی 81 په‌رله‌مانتار پرۆسه‌ی پرساندن كۆتایی پێهات و به‌مجۆره‌ دانیشتنی متمانه‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ ئه‌نجام نادرێت.