Skip to the content
Menu

بەیاننامەیەک لە لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رووداو و پەرەسەندنەکانی چەند رۆژی رابردوو

لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕووداو و پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە :
ئێمە، سەرجەم پەرلەمانتارانی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو ڕەنگەکانەوە، داوا دەکەین ئەو دۆخە ئیعلامییەی کە چەند ڕۆژی ڕابردوو هاتە ئاراوە کۆتایی پێ بهێنرێت، سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پەلاماری بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا، دووپاتی کردەوە کە هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی بەردەوامە لە پەلاماردانمان و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانمان.
پارتی و یەکێتی بەهاوکاری حزبە کوردستانییەکانی تر، رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، و هەردوولا هەزاران شەهیدیان بۆ دۆزی کورد و خەباتی گەلەکەمان داوە،و خوێنی پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا تێکەڵی یەکتری بووە لە شۆڕش و راپەرین و بەرگری لە کوردستان، پاش کۆڕەو و رزگاری عێراق بە گشتی، و بەتایبەت لە شەڕی تیرۆریستانی داعش دا.
ئاشكرایە میللەتەكەمان لە ئێستادا لە بارۆدۆخێكی خراپدایە، قەیرانی ئابووریمان هەیە، لەرووی تەندروستییەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسییەكی گەورەیە لە سەر دانیشتوانی هەرێمەكەمان، بۆیە داواکارین بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و سەیرکردنی تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، ئەو گرژییە میدیاییەی ڕوویداوە با تائێرە بێت و کۆتایی پێ بێت، جارێکی تر براکان بەرنەبنەوە گیانی یەکتری، پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان چاویان لە هەموو لایەکە ئه‌و ئەزموونەی کوردستان و قەوارە دەستورییەکەی بپارێزین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناهەمواری ناوچە کوردستانییەکان، و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەرەشە هەرێمایەتییەکان ، بە ڕۆحییەتی کوردانەوە خزمەتی گەلی کوردستان بکەین و ئەرک و کاری قورس لەپێشمانه‌ کە بۆ گەلەکەمانی ئەنجام بدەین .
لێژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان
١٧/١٠/٢٠٢٠