Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

ئەمڕۆ سێشەمە 2020/10/20، لیژنەى ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ كۆبووه‌وه‌.
لەدەسپێکی کۆبوونەوەكه‌ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نوسراوانەى ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کراو دوای تاووتوێکردنیان، ئەوانەى پێویستییان بەوەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بەمەبەستی چارەسەرو کاری پێویست.
دواتر باس لەسەردانی لیژنەكه‌ بۆ وەزارەتی ناوخۆ کرا کەهەفتەی ڕابردوو ئەنجامیدابوو، ئەو سەردانە مه‌یدانییانه‌ بۆ وەزارەتی ناوخۆو لایەنە پەیوەندیدارەکان به‌كارى لیژنه‌كه‌ به‌پێویست زانراو جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وه‌میدانى كرایه‌وه‌.
لەتەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوه‌كه‌دا باس لەو پڕۆژەیه‌ کرا که‌لیژنه‌كه‌ بۆ خانەنشینیی ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ ئاماده‌ی كردووه‌، دوای گفتوگۆکردنى لەلایەن ئەندامانی لیژنەكه‌، بریاردرا بانگھشێتی لیژنەیه‌ک لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت بۆئەوەی ڕوونکردنەوەى پێویست لەسەر ئەو پرسەو خولی ڕێپێدراوان و بەرزکردنه‌وه‌ی پلەی ئەفسەران بەلیژنەكه‌ بدرێت.